گرووپی حەوت: نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات

گرووپی حەوت: دەبێت ئێران پێدانی چەک بە رووسیا بۆ جەنگی ئۆکرانیا رابگرێت
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت - ئاسایشی میونشن 2024
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت - ئاسایشی میونشن 2024

K24 – هەولێر

وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان، کە بە گرووپی حەوت ناسراون وێڕای جەختکردنەوە لە پشتوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا، داوایان لە ئێران کرد، هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ رووسیا رابگرێت، کە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت. راشیانگەیاندووە، نابێت تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

وەزیرانی دەرەوەی هەر یەک لە ئەمەریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن، کە وڵاتەکانیان پێکهێنەری گرووپی حەوتە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 2024، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا چەند هۆشداری و داواکارییەکیان ئاراستەی ئێران کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەبێت ئێران پێدانی هەموو پارچەیەکی یەدەگی درۆن بە رووسیا رابگرێت، چونکە دەچێتە چواچێوەی پشتوانیکردن لە جەنگ و هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئاماژەشیانداوە، بەڵگەیان لەبەردەستە رووسیا بە درۆن و چەکی ئێرانی خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیای کردووەتە ئامانج. بەڵام تاوەکوو ئێستا بەرپرسانی ئێران چەند جارێک رەتیانکردووەتەوە هیچ جۆرە پشتیوانییەکی لۆجستیان بە رووسیا دابێت.

هەروەها رایانگەیاندووە، هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشێلکردنی بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لەم سۆنگەوە جەختیان لە پشتیوانییە بەردەوامەکانیان بۆ ئۆکرانیا کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە ئازادی، سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت جەختیان لەوەکردووەتە، کە رێگە لە ئێران بگرن بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆم نەگات.

دەربارەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت رایانگەیاندووە، بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی 2216 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران بەردەوامە لە پێدانی چەک بە حوسییەکانی یەمەن، بەمەش بووەتە هۆکاری هەڕەشە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە و تێکدانی سەقامگیری.