دەم پارتی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە رۆژی هەڵبژاردن بگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)

K24 – هەولێر

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان داوا دەکات رۆژی هەڵبژاردن دەنگدەران بگەڕێنەوە پارێزگاکانیان و دەنگ بدەن بۆ ئەوەی دەنگەکانیان نەفەوتێت. دەسەڵاتیش بە گواستنەوەی دەنگدەر بۆ پارێزگا کوردییەکان تۆمەتبار دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایانگەیاند، داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە رۆژی هەڵبژاردن بگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان و بێبەش نەبن لە پرۆسەی دەنگدان.

راشیانگەیاند، ئەوانەی لە ناوەندی دەنگدانەوە دوورن، وەک دەم پارتی ئامادەن خزمەتگوزاری گواستنەوەیان بۆ دابین بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک ژمارەی تەلەفۆنیان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن پەیوەندییان پێوەبکەن.

جەخت لەوەشکرایەوە، ئاکپارتی دەنگدەری ساختە رەوانەی پارێزگا کوردییەکان دەکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوێت.