سەرۆکی ئیسرائیل: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودییە سەرکەوتنە بەسەر حەماسدا

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئیسرائیل ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودییە دووپاتدەکاتەوە. ئاشکراشیکرد، ئامانجی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تێکدانی پەیوندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودییە بووە.

ئیسرائیل ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودییە و پێیوایە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری رابردووی حەماس، تێکدانی پەیوەندییەکانی سعوودییە و ئیسرائیل بوو.

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پانێڵێکدا لە شەستەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دووپاتیکردەوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودییە، مانای سەرکەوتنە بەسەر حەماسدا.

سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: "دڵخۆشم بەوەی هەوڵ دەدرێت بۆ رێککەوتن و ئازادکردنی بارمتەکان، هیوادارم لە کۆتاییدا ئەوانی دیکەش بڕیاربدەن؛ بەڵام من پێموانییە حەماس بڕیارێک لەو بارەیەوە بدات، متمانەم بە سینوار نییە بیەوێت بڕیارێک بۆ چارسەرکردنی دۆخەکە بدات، بەمجۆرەش خەڵکەکەی ئازاردەچێژن".

بە گوتەی ئیسحاق هێرزۆگ، "ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو حەماس کردی ئامانجی تێکدانی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سعوودییە بوو، هەر بۆیەش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودییە، سەرکەوتنە بەسەر حەماسدا."

پێشتریش لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس هێرزۆگ ئاشکرایکرد، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودییە دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی کۆتاییهاتنی شەڕ.

ئەمەریکاش هەر لەسەرەتاوە بە رژدی هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێی دەدات. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە میونشن دووپاتیکردەوە، تەواوی وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی، لە چەند مانگی داهاتووش دەرفەتی باش بۆ ئەوە دەبێت. بلینکن ئاماژەی بەوەش دا، راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دڵنیایی ئاسایشی ئیسرائیل دەدات.

سعوودیەش پێشتر لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆی ئاشکراکردووە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، بەڵام مەرجی ئەم ئاساییکردنەوەیەش، راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە.

پێش 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو، سعوودییە و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمەریکا گفتوگۆکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەستپێکرد، بەرەوپێشچوونی زۆر باشیش هەبوو، بەڵام هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رێسەکەیان کردەوە بە خوری.