دڵشاد شه‌هاب: ناكرێت چیتر بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن دوابخرێت

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

K24 – میونشن:

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند تا ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ناكرێت چیتر بڕیاری دادگا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکە دوابخرێت.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی درووستکردووە و ناکرێت چیتر دەستەوەستان بوەستین و چارەنووسی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە دواخستن بڕیاری دادگای فیدراڵی ببەسترێتەوە.

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە و ئەگەر چوارشەممە دادگا بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات دەتوانێت بۆ کۆتایی مانگی پێنج هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بۆ جاری 12ـەهەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) دواخست.

رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.

رۆژی سێشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێکی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.