سوپای ئوردن ژمارەیەك بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکوژێت

K24 – هەولێر:

سوپای ئوردن رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوور پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەریان کوشتووە و چواری دیکەشیان بریندار کردووە، کە ئەو بازرگانانە هەوڵیانداوە لە خاکی سووریاوە مادەی هۆشبەر بە قاچاخ بهێننە ناو خاکی ئوردن.

رۆژی  یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرچاوەیەکی سەربازی فەرمی لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن بڵاوکراوەتەوە، "هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور ئاگادارکرانەوە لە هەوڵێك بۆ بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکان لە خاکی سووریاوە بۆ ناو خاکی ئوردن، هاوکات هێزەکانی پاسەوانی سنوور توانییان رووبەڕووی ئەو بازرگانانە ببنەوە، لە ئەنجامدا پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەر کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، جگەی لەوەی ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر کوژران و برینداربوون دەستیش بەسەر رێژەیەکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا گیرا.

ئەو سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە کە "هێزە چەکدارەکانی ئوردن بەردەوامن لە بەکارهێنانی هەموو تواناکانی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرکەسێک کە بوێری ئەوەی هەبێت ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئوردن".

ئەم ئۆپەراسیۆنەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە وەزیرانی ناوخۆی ئوردن، عێراق، سوریا و لوبنان لە عەممان کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی "شانەی پەیوەندی هاوبەش" بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی نێوان هەر چوار وڵاتەکەدا.

لای خۆیەوە مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، گرنگترین شت کە رێککەوتنی لەسەر کرا، دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی هاوبەش بوو کە ئەفسەرانی وڵاتانی جیاواز لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و راهێنان و تواناکانەوە هەیە.

 لە 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، پاسەوانی سنووری ئوردن لەسەر سنوورەکان لەگەڵ سووریا لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ باندێکی قاچاخچی کە مادەی هۆشبەر و چەکی جۆراوجۆریان پێبوو، نۆ قاچاخچی دەستگیرکران و ژمارەیەکیش لە پاسەوانان بریندرابوون.

وڵاتی ئوردن نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار پەنابەری سووری لەخۆگرتووە، بەپێی زانیارییەکان گرووپە قاچاخچییەکان بوونەتە "رێکخراو" و هەندێکجاریش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاسەوانانی سەر سنوور، هەر ئەمەش وایکردووە ئوردن چەندین جار هێزی ئاسمانی بۆ لێدانی ئەو گرووپانە بەکاربهێنێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بخاتە خوارەوە.