مه‌یسه‌ر نهێلی: كارو ئایدیای یه‌كێتی لاوان بریتییه‌ له‌‌ پێكه‌وه‌ ژیان، پاراستنی مافی ژن و نیشتمانپه‌روه‌ری

K24 – هەولێر:

له‌باره‌ی كاروچالاكییه‌كان و هه‌روه‌ها بۆچوونی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سكرتێری ئه‌و یه‌كێتییه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، كاروبه‌رنامه‌ی یه‌كێتی لاوان له‌سه‌ر بنه‌مای رێبازی بارزان بونیانتراوه‌، كه‌ پێكهاتوون له‌‌ پێكه‌وه‌ ژیان، پاراستنی مافی ژن، پاراستنی ژینگه‌، نیشتمانپه‌روه‌ری و خودا ناسی.

مه‌یسه‌ر نهێلی سكرتێری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، كاروچالاكییه‌كانمان خۆی له‌ بواره‌كانی رۆشنبیری و هونه‌ری و ئاڵنگارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ لاوان چڕكردووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی پرسی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ دیارده.

نهێلی باسی له‌وه‌شكرد، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵداین كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستی بۆ پاراستنی نیشتمان له‌ رێگه‌ی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان دروست بكه‌ین.

گوتیشی، پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی نیشتمانی سیاسییه‌، بۆیه‌ كار و به‌رنامه‌ی یه‌كێتی لاوان به‌و ئاراسته‌یه‌.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی 71ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبووە: یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویەکی گەشیان لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و لاوان و پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی توانا و ئاستی زانستی قوتابیان و لاوانی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکاندا هەیە.