لاهور شێخ جەنگی داوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

K24 – هەولێر:

لاهور شێخ جەنگی جەخت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە و داوا دەکات سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکات.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەر دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و ئاماژەی بەوەکردووە: "داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات".

هەروەها لاهور شێخ جەنگی داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش کردووە وادەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان درێژ بکاتەوە، تا دەرفەت بدرێت بەو دەنگدەرانەی کە هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

هاوکات لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا داوا لە هاووڵاتییان و ئەو گەنجانەی کە یەکەمجاریانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و ناوی خۆتان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە دەست نەدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بۆ جاری 12ـەهەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) دواخست.

لەلایەن خۆیەوە، رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی درووستکردووە و ناکرێت چیتر دەستەوەستان بوەستین و چارەنووسی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە دواخستن بڕیاری دادگای فیدراڵی ببەسترێتەوە.

رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.

له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، رۆژی (31ـی كانوونی دووه‌می 2024)، لاهور شێخ جه‌نگی به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: "به‌ لیست بێت یاخود به‌ حزب، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كەم".