ناتانیاهۆ لەسەر شەڕی غەززە رەخنە لە لێدوانەکانی سەرۆکی بەرازیل دەگرێت

K24- هەولێر

ئیسرائیل ئیدانەی لێدوانەکانی سەرۆکی بەرازیلی کرد، کە شەڕی غەززەی بە هۆلۆکۆست چواندووە و تۆمەتباری کرد بە دژە جوولەکەبوون.

ئەو رەخنانە گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا زیاتر کردووە، کە لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، خۆی وەک سەرکردەی "باشووری جیهانی" نیشان دەدات.

لولا لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا لە ئەسیوپیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئەوەی لە کەرتی غەززە و بەسەر گەلی فەڵەستین روودەدات لە هیچ کاتێکی دیکەی مێژوودا نەبووە. لە راستیدا ئەوە کاتێک روویدا کە هیتلەر بڕیاری کوشتنی جولەکەکانی دا".

ئەم جۆرە لێدوانانە لە ئیسرائیلدا جێگەی سەرنجە، وڵاتێک کە لە دوای هۆلۆکۆستەوە بوو بە پەناگەیەک بۆ جولەکەکان، ئیسرائیلیش هەر جۆرە بەراوردکارییەک لە نێوان لە شەڕی غەززە و هۆلۆکۆستدا رەتدەکاتەوە.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لێدوانەکانی لولا "هۆلۆکۆست بچووک دەکاتەوە" و هێڵی سوور دەبڕن، هەروەها لولا بە دژە جوولەکەیەکی خراپەکار تۆمەتبار کرد.

وەزیری دەرەوە ئیسرائیل کاتز لە ماڵپەڕی ئێکس نووسیویەتی باڵیۆزی بەڕازیلی لە ئیسرائیل بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، کاتز لێدوانەکانی لولا بە "شەرمەزارکەر و مەترسیدار" وەسف دەکات.

ئەم لێدوانەی لولا دوای ئەوە هات کە سەرکردەکانی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا رۆژی شەممە ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلیان کرد بۆ سەر غەززە و خوازیاری کۆتایی هێنانن بەشەڕەکە.