حکومەتی سووریا بۆ جاری سێیەم لەمساڵدا نرخی بەنزینی بەرزکردەوە

حکومەتی سووریا جارێکی دیکە نرخی بەنزینی بەرزکردەوە
حکومەتی سووریا جارێکی دیکە نرخی بەنزینی بەرزکردەوە

K24 - هەولێر

بۆ جاری سێیەم لە ماوەی ئەمساڵدا وەزارەتی بازرگانی سووریا نرخی بەنزینی بەرزکردەوە. 

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-02-2024، وەزارەتی بازرگانیی سووریا جارێکی دیکە نرخی بەنزینی لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدان، بەرزکردەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی سووریا، نرخی یەک لیتری بەنزینی ئۆکتان - 90 لە 10 هەزار لیرەی سوورییەوە بۆ 11 هەزار لیرە بەرزکرایەوە. ئۆکتان 95ـیش لە 12 هەزار و 700 لیرەوە بۆ 14 هەزار و 110 لیرە بەرزکرایەوە.

حکومەتی سووریا هەر لە چوارچێوەی بڕیارە نوێیەکەیدا، نرخی یەک لیتر "مازۆتی ئازاد"ـی بە 12 هەزار و 290 لیرەی سووری دەستنیشانکرد.

ئەمە بۆ جاری سێیەمە لەماوەی ئەمساڵدا (2024) حکومەتی سووریا نرخی بەنزین لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدان، بەرزدەکاتەوە. دوایین جار رۆژی 22ـی مانگی رابردوو بوو.

لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 سەریهەڵداوە، کەرتەکانی نەوت و گازی سووریا بە بەهای دەیان ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە. ئابوورییەکەشی بەهۆی شەڕی درێژخایەن و سزاکانی سەر حکومەت وێران بووە.