وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ جارى یەکەم پۆستى دوو سەرۆکى زانکۆى حکومى رادەگەیەنێت

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌ولێر
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌ولێر

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، 19-02-2024، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى "لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا"، هەردوو پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان و سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە، بۆ جارى یەکەم راگەیاند.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هەر کەسێک ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا داواکاری (C.V)ـەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت.

مەرج و تێبینییەکان:

- هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.

- نازناوى زانستى لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.

- خزمەتى لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.

- ئەو كه‌سه‌ى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى که‌ له‌ پۆسته‌كه‌دايه‌، پێشکەش بکات.

- زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایيی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنێت.

- لیستى ناو و ناونیشانى توێژینەوە زانستیيە بڵاوکراوەکان.

- پێویستە پوختەى ڕاژەى لەلایەن بەرپرسى یەکەمى فەرمانگەکەیەوە واژۆ کرابێت.


بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دوا کات بۆ پێشکەشکردنى (c.v) و پوختەى ڕاژە کۆتایی دەوامى ڕۆژى پێنجشەممە، رێککەوتى 29/2/2024 دەبێت.

هەر كه‌سێك ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى سەرەوە ده‌يگرێته‌وه‌، دەتوانێت (C.V)ـەکەى و پوختەى ڕاژەى ڕاستەوخۆ لەم بەستەرەى خوارەوە پڕ بکاتەوە و بينێرێت.

بۆ ناردنى ورده‌كارى و پوخته‌ى ڕاژه‌، کلیک له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌: (پڕكردنه‌وه‌ى فۆرم)