ئێران زۆرینەی كه‌لوپه‌لی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان له‌ چین و تورکیا و ئیماراتەوە هاوردە دەکات

ئێران زۆرینەی كه‌لوپه‌لی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان له‌ چین و تورکیا و ئیماراتەوە هاوردە دەکات
ئێران زۆرینەی كه‌لوپه‌لی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان له‌ چین و تورکیا و ئیماراتەوە هاوردە دەکات

K24 - هەولێر

لەماوەی کەمتر لە 10 ساڵی رابردوودا، ئێران بە بڕی 236 ملیۆن دۆلار کەلووپەل و بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی هاوردە کردووە.

لێکۆڵینەوەیەک لە ئاماری گومرگی ئێران دەریدەخات لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵی رابردوودا بە بەهای 236 ملیۆن دۆلار ئێران پارچەی بزوێنەری فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هاوردە کردووە، کە لە لیستی کەلووپەلی قەدەغەکراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادان.

سەرچاوەی بەشێک لەو هاوردەکردنە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و، ئۆکرانیایە، کە حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت، رووسیا لە شەڕی دژ بە وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دروستکراوی ئێران بەکاردەهێنێت.

جیم مانکوس، جێگری بەڕێوەبەری یەکەی بازرگانی جیهانی لە بەشی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت: "پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا دۆزراونەتەوە، کەرەستەی هەستیاری ئەمەریکی لە دروستکردنیدا بەکارهاتووە".

زانیارییە گومرگییەکان کە لەلایەن میدیای فارسییەوە بەدواداچوونیان  بۆ کراوە، دەریدەخات تەنیا لە ماوەی ئەم هەشت مانگەی دواییدا هێندەی یەک ساڵی پێشووتر، پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە هاوردە کراون کە بەهاکەی 39 ملیۆن دۆلار بووە.

کۆدی گومرگی "840710" کە پەیوەندیدارە بە هاوردەکردنی پارچەو پێکهاتەکانی بزوێنەری فڕۆکە لە ئاماری گومرگی کۆماری ئیسلامی  ئێران، نیشانی دەدات لەماوەی کەمتر لە 10 ساڵی رابردوودا بە بەهای 236 میلیۆن دۆلار لەم پارچانە هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە.

شارەزایانی ئەمنی و سەربازی ئاماژە بەوە دەدەن، یەکێک لەو هۆکارانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هێشتا نەیانتوانیوە وەک پیشەسازییە سەربازییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەم پیشەسازییە سنووردار بکەن، ئەوەیە کە ئەم کەرەستانە لە پیشەسازی جیاوازدا بەکاردێن، بۆیە ڕوون نییە  ئێران کۆکردنەوەی ئەم پارچانە بۆ مەبەستی دروستکردنی فڕکەی بێفڕۆکەوانی خزمەتگووزاری مەدەنی یاخود لەبواری سەربازی بەکاریان دەهێنێت.

چین و تورکیا، سەرچاوەی سەدا 75ـی کۆی هاوردەکردنی پێکهاتە و پارچەی بزوێنەری فڕۆکە بوون کە لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵی رابردوودا بەبەهای 79.7 ملیۆن دۆلار لە چین و، 53.8 ملیۆن دۆلار لە تورکیا و 43.7 ملیۆن دۆلار لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هەروەها ئەڵمانیا و ئۆکرانیا و سلۆڤینیا و، ئەمەریکا لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 و چەند وڵاتێکی دیکە لە لیستی ئەو وڵاتانەن کە ئێران هاوردەی بازرگانی ئەم کەلووپەلانەی لەگەڵدا کردوون.