سەدرییەکان 24 کاتژمێر مۆڵەت دەدەنە پارێزگاری بابل

سەدرییەکان لە بابل ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەسەر کوشتنی ئەیسەر خەفاجی
سەدرییەکان لە بابل ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەسەر کوشتنی ئەیسەر خەفاجی

K24 – هەولێر:

دوای دۆزینەوەی تەرمی چالاکوانێکی نزیک لە رەوتی سەدر کە پێشتر لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە پارێزگای بابل رفێندرابوو، کەسوکاری چالاکوانەکە و لایەنگرانی رەوتی سەدر ماوەی 24 کاتژمێر مۆڵەت دەدەنە پارێزگاری بابل بۆ دۆزینەوەی بکوژان.

دوای ئەوەی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) ئەیسەر خەفاجی، چالاکوانی سەر بە رەوتی سەدر لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندرا؛ دوای رۆژێک تەرمەکەی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی بابل دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کەسێکی بەتەمەن بەناوی چەکدارانی سەرایا سەلامی سەر بە رەتی سەدر لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بۆ ئیدانەکردنی رفاندن و کوشتنی ئەیسەر خەفاجی قسەدەکات، ماوەی 24 کاتژمێر مۆڵەت دەدەنە عەدنان فەیحان، پارێزگاری بابل بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی بکوژانی ئەو ئەندامەی رەوتی سەدر بە پێچەوانەوە هەڕەشەی هێرشکردنەسەر سەرجەم دامەزراوەکان دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان لاشەی ئەیسەر خەفاجی شوێنەواری ئازاردانی پێوەبووە و چەند گوللـەیەکیش بەر سەری کەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە گەیشتنی بەرپرسانی گرووپی چەکداری سەرایا سەلام بۆ پارێزگای بابل دەکرێت، دوای ئەوەی بەشێک لە لایەنگرانی سەدر، چەکدارانی سەر بە گرووپە شیعییەکانی دیکەیان تۆمەتبارکردووە بە رفاندن و کوشتنی ئەیسەر خەفاجی.

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە رفاندن و کوشتنی ئەیسرە خەفاجی کردووە بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی پشت رفاندن و کوشتنییەوە بوون و ئاماژەی بەوەشکردووە، گەیشتوونەتە چەند هێلێکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و رادەستکردنیان بە دادگا.

کاردانەوەکانی رفاندن و کوشتنی ئەیسەر خەفاجی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان جارێکی دیکە ململانێکانی نێوان سەدرییەکان و لایەنە شیعییەکانی دیکەی نوێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر ئەو چالاکوانەی سەدرییەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رەخنەی توندی ئاراستەی گرووپە چەکدارییەکانی لایەنە شیعییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە و لە بەرامبەریشدا، میدیاکانی نزیک لەو گرووپانە چەندین تۆمەتیان ئاراستەی خەفاجی کردبوو.