گوڵتان کشاناک لە زیندانەوە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانی پایتەختی تورکیا دەکات

K24 - هەولێر:

دەم پارتی لەرێگەی کەسایەتییە کاریگەرییەکانییەوە دەیەوێت سەنگی خۆی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەو پارێزگایانە بپارێزێت کە دەبێتە هۆی ململانێیەکی توندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن.

گوڵتان کشاناک یەکێکە لەو کەسایەتییە کاریگەرانەی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەیە و خەباتیکی دوورودرێژی سیاسیی لە دۆزی کورد هەیە.

لەم هەڵبژاردنە کشاناک کاندیدی دەم پارتییە بۆ گەورەشارەوانی ئەنقەرە. لە رۆژی راگەیاندنی بەیاننامەی ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، هەرچەندە کشاناک لەوێ نەبوو بەڵام ئامادەبووانی پرۆتۆکۆل وێنەی ناوبراویان بەرزکردەوە.

کشاناک لە (15ـی حوزەیرانی 1961) لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە، سەر بە هۆزی ئاغوجەیە. دەرچووی بەشی زمانی تورکییە لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی دیجلە.

لە کودەتای ساڵی 1980 دەستگیردەکرێت و لە بەندیخانەی دیاربەکر بەند دەکرێت. دوای ئازادکردنی دەگەڕێتەوە زانکۆ و بەشی رۆژنامەوانی و پەیوەندییەکان لە زانکۆی ئیجە تەواو دەکات.

ساڵی 1990 رۆژنامەیەک بەناوی تۆپلومسال دیرەنیش دادەمەزرێنێت، دوای ماوەیەکی کورت رۆژنامەکە دادەخرێت.

لە هەڵبژاردنی (22ـی تەمموزی 2007) وەک پەرلەمانتاری پارتی کۆمەڵگەی دیموکراسی لە دیاربەکر هەڵبژێردرا و ساڵی 2009 دوای داخستنی پارتەکەیان چووە نێو ریزەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی و لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش بوون بە هاوسەرۆکی ئەو پارتە.

لە هەڵبژاردنی 2011 وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەڵبژێردرا و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 بوو بە سەرۆکی گەورەشارەوانی دیاربەکر.

لە ساڵی 2016 بەتۆمەتی پاڵپشتیکردنی پەکەکە و رەوانەکردنی داهاتی شارەوانی بۆ پەکەکە دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا لە زیندانە.

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و گەورەشارەوانییەکانی دیکە بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.