دەستەی وەبەرهێنان پێدانی مۆڵەتی بە پرۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون راگرت

پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون - وێنە: ئەرشیف
پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دەستەی وەبەرهێنان پێدانی مۆڵەتی بە پرۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون راگرت و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.

رۆژی دووشەممە (19ـی شوباتی 2024) دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەسـتی رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی زیاتر سـوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجـوومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارکردن لە پرۆژەی نوێی نیشتەجێبوون رابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت.

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی وەبەرهێنان داوای لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کردووە یارمەتیدەر و هاوکار بن، تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاراستەکراو بکرێت، بە تایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنها لە ساڵی 2023، 154 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە کە سەرمایەکەیان چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە و، هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

هەروەها رۆژی (7ـی کانوونی دووەمی 2024)، محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندنییەوە تاوەکو سەرەتای ئەمساڵ، لەرێگەی دەستەی وەبەرهێنان 404 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكان بەخشراوە و تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەمدا لە سەرووی 100 مۆڵەتەوە بووە بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.