سووننەکانی بەسرە خەون بەوەوە دەبینن پارێزگاکەیان بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ

K24 – هەولێر:

ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، خه‌ریكه‌ خەونی دروستکردنی هەرێمی سەربەخۆ لای سووننەکانی عێراق ده‌كاته‌راستی.

سووننەکانی پارێزگای بەسرە بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری، بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکارییه‌وه‌، خەون بەوەوە دەبینن پارێزگاکەیان بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەی سیاسی و ئابووریی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بن.

پێشکەوتوویی و گەشەسەندوویی هەرێمی کوردستان، خواستی سووننەکانی عێراقی بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ زیاتر دەکات، خراپی دۆخی ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پشتگوێخراویی پارێزگا سووننەنشینەکان وایکردووە زیاتر لە هەموو کاتێک خەون بە دروستکردنی هەرێمێکەوە ببینن.

لێرەدا بەراوردێکی دۆخی بەسرە بە هەرێمی کوردستان دەکەین و جیاوازییەکە دەخەینەڕوو:

پارێزگای بەسرە ژمارەی دانیشتووانەکەی، نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێکاری لە پارێزگاکەدا سەرووي 16٪ــیە، سەرەڕای ئەوەی داهاتی مانگانەی پارێزگاکە نزیکەی 50 ملیار دینارە، رێژەی هەژاری لە پارێزگاکەدا نزیکەی 50٪ـيه‌ و سەرووی 1 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئەمە جیاواز لەوەی پارێزگاکە بەدەست کۆمەڵێک کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت، وەک مەهدی تەمیمی بەرپرسی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بە کوردستان24ــی راگەیاند، پارێزگاکە بەدەست دیاردەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرو، بارزگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ و چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت.

لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانەکەی دووهێندەی پارێزگای بەسرەیە و بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم نزیکەی شه‌ش ملیۆن کەسە و رێژەی بێکاریی تێیدا سەدا 16.5ــە، سەرەڕای ئەوەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم چەند ساڵە لە بەغداوە دەستی دەستی پێدەکرێت و هەوڵ بۆ برسییکردنی دانیشتووانەکەی دەدرێت، بەڵام رێژەی هەژاری لە هەرێمدا تەنیا لە سەدا 13٪ـە، دۆخی ئەمنییش لە هەرێمدا بەجۆرێکە، زۆرینەی دانیشتووانی شارەکانی عێراق، بۆ ژیانێکی ئارام و بەدەستهێنانی بژێوی ژیانییان، روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەمەش جگە لەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگ و باڵای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا هەیە و لە کۆڕ و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.