عەبدولفەتاح سیسی: بەهۆی قەیرانەکانی ناوچەکەوە داهاتی کەناڵی سوێس کەمیکردووە

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی میسر رایگەیاند، بەهۆی قەیرانەکانی ناوچەکە داهاتی ساڵانەی کەناڵی سوێس کە پێشتر 10 ملیار دۆلار بوو، ئێستا بەڕێژەی لە 40% بۆ لە 50% دابەزیوە.

رۆژی دووشەممە (19ـی شوباتی 2024) عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لەمیانی کۆنگرە و پێشانگەی میسری نێودەوڵەتی بۆ وزە ئاماژەی بەوەدا، چەندین ئاڵنگاری وەک شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، قەیرانی لیبیا و سوودان و کەرتی غەززە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوورییەکەی دروستکردووە.

سیسی گوتی:" دەمەوێت بڵێم ئاڵنگاری هەیە کە لە رووبەرووبوونەوەی وڵاتانی وەک میسر بەردەوام دەبێت، قەیرانی کۆرۆنا دوو ساڵ رووبەروومان بووەوە و ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەی ئابووریی بوو، قەیرانی رووسیا و ئۆکرانیاش هەیە، هەروەها ئەوەی ئێستا لە وڵاتانی هاوسنوورمان لە لیبیا و سوودان و کەرتی غەززە دەیبینین".

عەبدولفەتاح سیسی ئاشکرایکرد: کەناڵی سوێس کە داهاتی ساڵانەی بۆ میسر 10 ملیار دۆلار بوو، ئێستا بەڕێژەی لە 40% بۆ لە 50% دابەزیوە.

وڵاتی میسر رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری بووەتەوە ئەویش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆری دەرەکی لەسەر قاهیرە کە دەگاتە 164 ملیار دۆلار و ئەمەش کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دروستکردووە.

کەناڵی سوێس یەکێکە لە گرنگترین کەناڵە ئاوییەکانی جیهان کە دەکەوێتە وڵاتی میسر و بە کورترین رێگەی گەیاندنی نێوان ئەوروپا و ئاسیا دادەنرێت.