دوو ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا داوای فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن

K24 – هەولێر:

دوو ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا داوای فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له‌ بواره‌كانی سیاسی، كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

تۆم كمیچ ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، كاردەكەن بۆ فراونتركردنی پەیوەندییە كولتوری و كۆمەڵایەتییەكانی نێوان كوردستان و كەنەدا.

هه‌روه‌ها كمیچ  دەڵێت، پێویستە كارئاسانی بۆ پێدانی ڤیزای كەنەدا بە خەڵكی كوردستان بكرێت، بۆئەوەی زیاتر پەیوەندییەكانی نێوان خەڵكی كوردستان و كەنەدا بەهێزتربن.

تۆم كمیچ هه‌روه‌ها گوتی: "هیوادارم پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و كەنەدا زیاتر بەرەوپێش بچن و كورد بە ئاسانی بتوانێت ڤیزا وه‌ربگرێت".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زیاد ئەبولەتیف ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، گرنگە كوردانی تاراوگە لەگەڵ سیاسییەكانی كەنەدا كۆببنەوە بۆ ئەوەی پەیامی خۆیان بگەیه‌ننه‌ حكومەت.

ئەبو لەتیف ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە كورد لە كەنەدا خۆیان رێكبخەنەوە و ببنە پردی پەیوەندی نێوان كۆمەڵگەی كوردی و كەنەدی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌مڕۆ سه‌فین دزه‌یی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی ساڵیادی کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، داوایکرد، کەنەدا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵگەری گشتی بەرزبکاتەوە.