دەستگیرکردنی کریستیانەکان لە ئێران بە رێژەی سەدا 81 زیادی کردووە

پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە ئێران - ئەرشیف
پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە ئێران - ئەرشیف

K24 - هەولێر

سێ رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی کریستیانەکان لە جیهان، هۆشداری لە خراپی دۆخی پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە ئێران دەدەن و رایدەگەیەنن، کریستیانەکان سەرکوت و دەستگیر دەکرێن و چەندین کلێسای فارسی زمانیش لەو وڵاتە داخراون.

ریكخراوەکی (ئێم ئەی سی)، (دەرگا کراوەکان) و (هاوسۆزی جیهانی کریستیانەکان) لە بەرگێکی 40 لاپەڕەییدا شەشەم راپۆرتی ساڵانەیان لە سەر دۆخی کریستیانەکان لە ئێران بڵاوکردووەوە و ئاماژەیانداوە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشووتر دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی کریستیان لە ئێران بە رێژەی 81% زیادی کردووە، ئەمە جیا لەوەی رووبەڕووی سزا و ئەشکەنجەدان کراوەنەتەوە، کە سێ یەکی هۆکارەکانی دەستگیرکردنیان بەهۆی بوونی کتێبی پیرۆز "ئینجل"ـەوە دەستگیرکراون و لە دادگاش وەک بەڵگەی تاوان لە دژیان بەکارهێنراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ساڵی 2023دا لە ئێران 166 هاووڵاتیی کریستیان دەستگیرکراون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022 دا 134 هاووڵاتییان دەستگیرکرابوون.

لە شەشەمین راپۆرتی رێکخراوەکاندا هاتووە، کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان کلێسای فارسی زمانی داخستووە، هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کریستیان و ئەشکەنجە و ئازاریانداون، ئەمەش پێشێلکردنی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤە، کە تیایدا هاتووە، مافی مەدەنیی و سیاسیی هەر کەسێکە ئازادانە هەر ئایینێکی هەبێت پەیڕەوی بکات و مافی ئازادی ڕا دەربڕینیشی هەیە، بەڵام کریستیانەکان لە ئێران بە تۆمەت و پاسای پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات و ئاسایشی ئێران بەبێ بوونی بەڵگە خراونەتە زیندانەکان.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە لە دەستوور و یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دان بە مافی پێکهاتە ئایینییەکان نراوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری کریستیانەکان دەستگیرکراون و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

رێکخراوەکان لە کۆتایی راپۆرتەکەیان داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە، تەواوی کریستیانە زیندانیکراوەکان ئازاد بکات و موڵک و ماڵە داگیرکراوەکانیشیان بۆ بگەڕێنێتەوە، هەروەها پابەندی بڕیار و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ بێت.

پشتریش لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە ئێران راگەیەندراوێکیان لە بارەی دۆخ و گوزەرانی خۆیان بڵاوکردەوەو ئاماژەیدابوو، لە ئێران بەهۆی ئایینەکەیانەوە لە کارکردنی بێبەش دەکرێن دەرفەتی کارکردنیان پێنادرێت، حکومەتی ئێرانیش سەرەڕای بوونی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام هۆکارە لە هەژارکردنی هاووڵاتییانی کریستیان.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راپۆرتی ساڵانەیدا دەربارەی دۆخی ئازادی ئایینی وڵاتان، ئێرانی بە پێشێلکردنی مافی پێکهاتە ئایینییەکانی بەهایی، یارسان و کریستیانەکان تۆمەتبارکردبوو.

بەگوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان نزیکەی یەک ملیۆن کریستیان لە ئێراندا هەن و کەمتر لە 1%ی کۆی گشتی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.