پێکهاتەکانی كه‌ركووك له‌ كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان ناڕازین

پێکهاتەکانی كه‌ركووك له‌ كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان ناڕازین
پێکهاتەکانی كه‌ركووك له‌ كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان ناڕازین

K24 - هەولێر

جگە لە کورد، هاووڵاتییانی عەرەب و تورکمانیش لە کەرکووک ناڕازین لەدۆخی خزمەتگوزاڕی و ئیدارەی ئێستای شارەکە. بەلای هاووڵاتییانی شارەکەوە تەنها چارەسەر ئەوەیە ئیدارەی ئێستا بگۆڕدرێت و کوردێکی بێ لایەن بکرێتە پاڕێزگار بۆ ئەوەی خزمەت هەموو نەتەوەکان بکات.

لە سەرەتای ڤیدیۆکە ئافرەتێکی بە رەگەز عەرەب دەردەکەوێت و باس لە خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکەکەیان دەکات. ئەو ئافرەتە بە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەڵێت: "جەنابی پارێزگار، ئەمە ژیانە ئێمە تێیدان؟ خۆت وەرە سەیری بکە، بزانە بارودۆخمان چۆنە؟".

 ئەو ئافرەتە عەرەبە کە ناوی "سوهام عەلی"ـە، تەنها تاوانی ئەوەیە لە گەڕەکی دەروازەی کەرکووک، کە گەڕەکێکی کوردییە، نیشتەجێییە. ئەو بێ بەش بووە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو، کارەبا و رێگاوبان و، لە ئیدارەی ئێستای شارەکە ناڕازییە. ئەو دەڵێت، "بەخوا هیچ ئاورمان لێ نادرێتەوە قوتابییەکانمان لەسەر جادەوە بەپێ دێن و نیوەیان قوڕە".

هاووڵاتییانی کەرکووک نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزاری، بەتایبەت لە گەڕەک و ناوچە کوردنشینەکان، زبڵ و خۆڵ و خاشاک لە شارەکە کۆبووەتەوە. 

رێبوار قزڵقایی، هاووڵاتییەکی کوردە و ئاماژە بەوە دەدات، "بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکمان و عەرەبی کەرکووک لە سیاسەتەکانی ئیدارەی کەرکووک زەررمەندبوون. دەیانەوێت دۆخی شارەکە بگۆڕن، بەڵام مەرجیان ئەوەیە لە ئیدارەی نوێ دەسەڵاتیان پێ بدرێت".

عەباس جاسمیش هاووڵاتییەکی تورکمانە و باس لەوە دەکات، "ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لە کەرکووک دۆخێکی نائاسایی هەیە و پارێزگارێکی سەپێنراو لە شارەکەیە. دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری خراپە و بەرەو خراپتریش هەنگاو دەنێت".