یەکێتیی ئەوروپا ئۆپەراسیۆنی دەریایی دژی حووسییەکان رادەگەیەنێت

یەکێتیی ئەوروپا ئۆپەراسیۆنی دەریایی دژی حوسییەکان رادەگەیەنێت
یەکێتیی ئەوروپا ئۆپەراسیۆنی دەریایی دژی حوسییەکان رادەگەیەنێت

K24 - هەولێر

بەردەوامی هێرشی حووسییەکان و کاریگەرییە خراپییەکەی لەسەر ئابووری جیهان، یەکێتی ئەوروپا ناچار دەکات ئۆپەراسیۆنی دەریایی لە ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی و رووبەڕووبوونەوەی هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور رابگەیەنێت.

هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامن و کاریگەرییەکی زۆری نەرێنیشی لەسەر ئابووری جیهان هەبووە. ئەمەش یەکێتیی ئەوروپا ناچار دەکات ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی حووسییەکان و پاراستنی هاتووچۆی دەریایی لە دەریای سوور و ناوچەکە رابگەیەنێت.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت، داهاتی ساڵانەیان لە کەناڵی سویز نزیکەی سەدا 50 دابەزیوە. 

لەگەڵ بەردەوامی هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور، یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ پاراستنی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکە راگەیاند. یەکێتیی ئەوروپا ئاشکراشیکردووە، ئۆپەراسیۆنەکەیان ناوچەکانی گەرووی بابلمەندەب، گەرووی هۆرمز، ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور، کەنداوی عەدەن، دەریای عەرەبی و کەنداوی عومان دەگرێتەوە.

بێجگە لە یەکێتیی ئەوروپاش، ئەمەریکا مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو هاوپەیمانییەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند، کە زیاتر لە 20 وڵات لەخۆدەگرێت. هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاش چەندین جار لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن کردوونەتە ئامانج.

لە کاتێکدا 15 لە سەدی تێکڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهان لە دەریای سوور دەکرێت، حووسییەکانیش دووپاتیدەکەنەوە، وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەڵەستین، هەر کەشتییەک لە دەریای سوور لە بەندەرەکانی ئیسرائیل نزیکبێتەوە دەیکەنە ئامانج.