عیماد جەمیل: کۆمسیۆن چوار مانگی پێویستە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر

بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی کۆمسیاران بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە ، کۆمسیۆن لە ئەمڕۆە 4 مانگی پێویستە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، عماد جمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە نێو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ، ئەنجومەنی کۆمسیاران بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە ، کۆمسیۆن لە ئەمڕۆە 4 مانگی پێویستە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان.

بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "ئەگەر سبەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کەیسی تانەدان لە یاسایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکلابکاتەوە کۆمسیۆن ئامادەیی تیایە لەناو مانگی شەشی ئەمساڵ وادەیەک دیاری بکات بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024 دواخست. بەڵام دوای 11 دانیشتن، هێشتا دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلاینەکردووەتەوە.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵاکەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان راگرت و، کۆمیسیۆن رایگەیاند، ناتوانن لە وادەی خۆیدا ئامادەکارییەکان تەواو بکەن.