بانکی ناوەندیی عێراق رێکارێکی نوێ دەگرێتەبەر

بانکی ناوەندی عێراق
بانکی ناوەندی عێراق

K24- هەولێر

بانکی ناوەندی عێراق بەنیازە میکانیزمێکی نوێ بۆ پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی و فرۆشتنی دۆلار پەیڕەو بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، دوای هەڵوەشاندنەوەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، میکانیزمی نوێ بۆ پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی دەگرنەبەر.

عەمار حەمەد خەڵەف، جێگری بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و فرۆشتنی دراوی بیانی هەنگاو دەنێین.

روونیشیکردەوە، لەدوای ئەو هەنگاوە، بانکەکان بەرپرسیار دەبن لە دابینکردنی دارایی بۆ بازرگانی دەرەکی لە رێگەی ئەو دۆلارەی خاوەنداریەتی دەکەن،  هەروەها بەرپرسیاریەتی تەواویش لە وردبینی و گواستنەوەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ وەک ئەوەی لە جیهان پەیڕەو دەکرێت.

بەم هەنگاوە، بانکی ناوەندی عێراق دەیەوێت خۆی لە پرۆسەی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی بکشێنێتەوە و پرۆسەکە بداتە بانکە ناوخۆییەکانی عێراق و بانکە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا.