ژمارەی کوژراوانی غەززە 29 هەزار کەسی تێپەڕاند

K24 - هەولێر

تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو لە کەرتی غەززە 103 کەس کوژراون و هه‌روه‌ها ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە کوژراون، گەیشتە 29 هەزار و 195 کەس.

ته‌ندروستی غه‌ززه‌ راشیگه‌یاند، 69 هەزار و 170 کەسی دیکەش بریندارن.

زیاتر لە چوار مانگە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، جارێکی دیکەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و شاندی یاوەری لە میسرن و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.