کاردۆ محەممەد: دادگای فیدراڵی کاریگەری سیاسی لەسەرە

کاردۆ محەممەد، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان
کاردۆ محەممەد، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان

K24 – سلێمانی:

ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، دامەزراوەکانی عێراق کاریگەری سیاسیان لەسەرە و، دادگای فیدڕالیش کاریگەری سیاسی لەسەرە و ئەو دادگایە بە مەبەست بابەتی سکاڵاکان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات.

کاردۆ محەممەد، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنی دۆسیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنەوە هەبوو. باسی لەوەشکرد، "خۆزگە لە ماوەکانی رابردوودا لە کوردستان بمانتوانیبووایە یاساکە بەشێوەیەک هەمواربکەینەوە کە لە بەرژەوەندی پڕۆسەی سیاسی و بەهێزکردنی دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان بوایە".

ئەو ئەندامەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: لە ئێستادا دۆسیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەوتووەتە بەردەم دادگای فیدراڵی، ئەمانیش ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستدەکەن، بە مەبەست بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسیەیە دوادەخەن.

کاردۆ محەممەد، گوتیشی: لە عێراق گرفتەکە ئەوەیە بڕیارەکان و دامەزراوەکان کاریگەری سیاسیان لەسەرە، هەروەها دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیش کاریگەری سیاسی لەسەرە.