ئیسرائیل لە دیمەشق باڵەخانەیەکی مووشەکبارانکرد

باڵەخانەیەکی بۆردومانکراو لە دیمەشقی پایتەختی سووریا
باڵەخانەیەکی بۆردومانکراو لە دیمەشقی پایتەختی سووریا

K24 – هەولێر

ئیسرائیل لە سەنتەری دیمەشق پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی مووشەکباران کردو حکومەتی سووریاش دەڵێ"ئیسرائیل لە هێرشێكی دوژمنکارانەدا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کردووەتەوە ئامانج"، بەڵام بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان دوو کەس لە هێرشەکدا کوژراون.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی حکومەتی سووریا بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە سەنتەری دیمەشقی پایتەخت لە ناوچەی کەفەرسووسە، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بڵاوبکاتەوە. بەڵام روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە نزیک قوتابخانەیەکی ئێرانی لە ناوچەی کەفەرسووسە بۆردومانکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرتاییەکان دوو کەس کوژراون، بەڵام دەنگۆی کوژرانی کەسانی دیکەش هەیە.

روانگەی سووری ئاماژەیداوە، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمڕۆی سەر دیمەشق هاوشێوەی ئەو هێرشە درۆنییەیە، کە ئیسرائیل لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بۆ کوشتنی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس و فەرماندی بزووتنەوەکە لە بەری رۆژئاوای فەڵەستین.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە سوپای ئیسرائیل، 13 هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا و 33 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون و 13 کەسی دیکەش برینداربوون، لە نێویاندا حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، شەش ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی و سێ چەکداری عێراق هەن.