وەڵامی دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی بە ئامانجگرتنی بارەگاکانیان لە بابل

لوئەی زاملی، بەرێوەبەری دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل
لوئەی زاملی، بەرێوەبەری دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل

K24 - هەولێر

بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی بارەگاکانیان لە بابل "دەستدرێژی بووە".

لوئەی زاملی، بەرێوەبەری دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، "دەستدرێژی" کراوەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە بابل.

بەرێوەبەری دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل گوتیشی: "رووداوەکە هەلسوکەوتێکی کەسی و ترسنۆکانە بووە. ئەو رووداوە نوێنەرایەتی هیچ لایەنێکی عێراقی ناکات". 

کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (21ـی شوباتی 2024) لایەنگرانی سەدر هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی پارێزگای بابل و دیوارەکەیان رووخاند و پاشان چەند چەکدارێکی نەناسرا تەقەیان لە باڵەخانەکە کرد.

هەر لە بابل بە "ئار پێ جی" هێرشکرایە سەر نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی و نووسینگەی کەناڵی عەهد، هاوکات لە ناوچەی سەلام پارێزگای نەجەف بارەگایەکی عەسائب کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ یەکێک لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج زیانی گیانیان نەبووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون، ئەو جووڵەیەی لایەنگرانی رەوتی سەدر وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بێدەنگبوونی حکومەتی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە رفاندنی ئەیسەر خەفاجی، چالاکوانی رەوتی سەدر و ئەندامی سەرایا سەلام بووە، کە 18ی ئەم مانگە لە بارودۆخێکی گوماناویدا لە بەردەم ماڵەکەیدا رفێنرا و تەرمەکەی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی ئەو پارێزگایە دۆزرایەوە، ئەمەش توڕەیی کەسوکاری ئەیسەر و سەدرییەکانی لێکەوتەوە و ماوەی 48 کاتژمێر مۆڵەتیان بە پارێزگاری بابل دا بۆ ئەوەی بکوژان بدۆزێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بێنە دەنگ.