روانگەی سووری: لە سنووری دێرەزوور هێرشکرایە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران

K24 – هەولێر

لە ناوچەی بوکەمالی سنووری پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێرشکرایە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی شوباتی 2024) لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە لە شەقامی 70ی شاری بوکەمالی دەشتاییەکانی دێرەزوور کۆگای چەک و تەقەمنییەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرایە ئامانج، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ناوچەکە بە هێزی چەکداری تەندراوە، نەتوانراوە زیانە گیانیی و ماددییەکان بزانرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی روانگەی سووری، لەم مانگەدا ئەمە دووەم هێرشی درۆنیی نە ناسراوە دەکرێتە سەر کۆگای چەک و تەقەمەنی گرووپە میلیشیاکان، هێرشی یەکەم لە 12ی ئەم مانگە بوو، لە ناوچەی شبلی نزیک شاری مەیادین لە دێرەزوور باخێک بۆردومانکرا، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئیمام سادق، سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ حەشاردانی مووشەک بەکار دەهێنرا.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سەنتەری شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە باڵەخانەیەک لە ناوچەی کەفەرسووسە، گوایە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونە و دەکەوێتە نزیک قوتابخانەیەکی ئێرانی، بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون، بەڵام ناسنامەی کوژراوەکان ئاشكرا نەکراوە.