زیدان دەگەڕێتەوە نێو لاکێشەی سەوز

زینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی
زینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی

چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو، پێشهاتی نوێ لەسەر داهاتووی زینەدین زیدان ببیستین و ئەو راهێنەرە فەرەنسیە، جارێکی دیکە گەڕانەوەی بۆ ناو لاکێشەی سەوز ئەمجارەیان لە بۆندزلیگای ئەڵمانیا رابگەینێت.


زیدان لە هاوینی 2021 بۆ جاری دووەم وازی لە راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا هێنا، لەو کاتەوەش دوای یانە شاهانەش راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی نەکردووە، هەرچەندە لەو کاتەوە چەند یانەیەک و هەڵبژاردەیەک هەوڵی رازی کردنیانداوە، بەڵام زیزۆ هەموو ئۆفەرەکانی رەتکردووەتەوە.


دوای راگەیاندنەکەی یانەی بایرن میونشن و چوونی توماس توخێل لەو یانەیە، ئەگەری گەڕانەوەی راهێنەرە فەرەنسیەکەی بۆ لاکێشەی سەوز بەهێزتر کردووە، رۆژنامەی سپۆرت وەنی فەرەنسیش زانیاری دەستکەووە، راهێنەرەکەی پێشووی ریاڵ مەدرید، ساڵی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانە ئەڵمانیەکە دەگرێتە ئەستۆ.


سەرەڕای ئەوەی زیدان لە ماوەی رابردوو بەردەوام پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە، پەلە نەکات لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی سپۆرت وەن، زیزۆ لەو بڕیارەی سست بووە و بیر لەوە دەکاتەوە، ئەمجارەیان ئۆفەری یانە ئەڵمانیەکە وەربگرێت.

زیزۆ پێیوایە بایرن میونشن هاوشێوەی ریاڵ مەدرید مێژوویەکی گەورەی هەیە و کار کردن لەو یانەیە بۆ ئەو زۆر ئاسانتر و باشترە، بۆیە بە دەرفەتی دەزانێت بەهۆی ناوبانگ و مێژووی یانە باڤارییە، ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرێت.

راهێنەرە فەرەنسیەکە و خاوەنی سێ ناسناوی چامپیۆنزلیگ، بێجگە لە بایرن میونشن دوو بژاردەی دیکەشی بەردەستە، ئەوانیش یوڤێنتوس و هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیە لە پرێمەرلیگی ئینگڵتەرا راهێنەرایەتی بکات، بۆیە ئەم بژاردەیان بە هیچ شێوەیەک بیری لێناکاتەوە.

زیدان بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی بایرن میونشن تۆزێک دوو دڵە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە زمانی ئەڵمانی نازانێت، بەڵام دڵنیایە لەوەی لەگەڵ ئەو یانەیە سەرکەوتوو دەبێت، بۆیە بڕیاریداوە ئەگەر یانە ئەڵمانیەکە ئۆفەری پێشکەش بکەن، ئۆفەرەکەیان پەسەند بکات.