لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک پێکدەهێنن

کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی کەرکووک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی کەرکووک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و رێککەوتن لەسەر هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک و کاربکەن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و ئامادەکردنی کارنامەی کاری هاوبەش.

رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەک، نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کۆبوونەوەیە بە دیدگای دەستپێشخەریی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە بەگوێرەی دادپەروەری ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و دواتریش رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری ئابووری کە لەگەڵ کارنامەی حکومی فیدراڵی یەکبگرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دۆخی تایبەتی کەرکووک کردووە و جەختی لەکاری پێکەوەیی و سەقامگیری پارێزگاکە کردووەتەوە و داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ گەشەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری کەرکووک.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دوای 18 ساڵ ئەنجامدرا کە لە 2005ـەوە ئەنجامنەدرابوو، بە هەوڵی هەموو لایەنەکان، رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان لەچاو پارێزگاکانی دیکە فراوانتربوو.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنە بەشداربووەکان بە لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.

یەکەم: بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکووک لە عێراقی بچووکە، هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی رۆڵەکانی کەرکووک و پاراستنی پێکەوەژیان و بەرزکردنەوەی گیانی برایەتی و هاوکاری لەنێوانیان لەژێر سایەی دەستوور.

دووەم: رێککەوتن لەسەر بنەمای هاوبەشیکردن و سازان و رەتکردنەوەی وەلانانی یەکتر وەک بنەمای کاری هاوبەش لە پارێزگای کەرکووک.

سێیەم: رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە سەرجەم هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری سیاسیی و کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانییەتەش بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت تاوەکو ئیستحقاقە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمی و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەکە دەکرێت.

چوارەم: ئامادەکردنی بەرنامەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی لە کەرکووک کە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە پێکدەهێندرێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی پارێزگاکەوە پەسەندبکرێت.

پێنجەم: پێشکەشکردنی کارنامەی لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا، کە تێیدا دیدگای خۆیان لەبارەی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پارێزگاکە لەخۆبگرێت لەگەڵ میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.

عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.