پارتی و یەکێتی دووپاتیدەکەنەوە؛ رێککەوتوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوەن كوردێك بكرێتە پارێزگاری كەركووك و ھاوڕاشین لەسەر ئەوەی لایەنەكانی دیكەش رازی بكەین و گوته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە، له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگای كه‌ركووك رێككه‌وتوون‌ و پێویسته‌ پارێزگاری داهاتووی شاره‌كه‌ كورد بێت.

رۆژی سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) سەعدی پیرە، گوته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەی رابردووی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پارێزگای کەرکووکەوە رێککەوتن کە دەبێت پارێزگاری شارەکە کورد و کوردستانی بێت.

هەروەها سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی و یەکێتی پێکەوە گفتوگۆ لەگەڵ پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب دەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە بڕیاربدەن لەسەر بەڕێوەبردنی شارەکە و گوتیشی، ئەگەر هەر 16 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کوردبن، هەردەبێت پێکەوە حکومڕانی بکەن.

گوتەبێژەکەی یەکێتی باسی لەوەشکرد، هەڵبژاردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک دەبێت کەسێک بێت خزمەتی هەموو پێکهاتەکان و شارەکە بکات، نەک تەنیا نوێنەرایەتی کورد بکات.

لەلایەن خۆیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەم ھەفتەیە كۆبوونەوەیەك لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكرێت بۆ ئەوەی لایەنەكان رێكبكەون و پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكرێتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە کەرکووک هەمیشە پۆستەکان بە ئیستحقاقی نەتەوەیی یەکلاییدەکرێنەوە نەک حزبی و بەو پێیەش کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی بەدەستهێناوە، لەو روانگەیەوە کورد کاندیدی دەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

رۆژی (4ـی شوباتی 2024) هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان، لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کۆبوونەوە و دواتریش راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هەردوولا کۆک بوون لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شار و شارۆچکەکان".

دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا و لەو رۆژەشدا، بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانیش لایەنەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە و لەبەرامبەر داوای کورد بۆ دانانای پارێزگارێکی کورد، عەرەب و تورکمانەکانیش بەجیا هەمان داوایان هەیە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.

عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە رێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە و بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکەشەوە، بەبێ سازانی لایەنەکان و تەوافقی سیاسیی، ئەستەمە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بە ئاسانی ئەنجامبدرێت.

لایەنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە پارتی و یەکێتی پێکهاتوون، سوورن لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە هەڵبژێردرێت و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی (9ـی کانوونی دووەمی 2024) لە کۆبوونەوەی هەردوو مەڵبەندی یەکێتی و لقی پارتی لە کەرکووک جەختیان لەسەر کاری پێکەوەیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردەوە.

لە بەرامبەردا، بەرەی تورکمانی کە خاوەنی دوو کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایەکی جیاوازیان هەیە و دەیانەوێت دەرفتی نزیکی ژمارەی کورسییەکانی کورد و عەرەب بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگار، بقۆزنەوە تاوەکو رێککەوتنێکی جیاواز بکەن بەشێوەیەک پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە چوار ساڵی داهاتوو بەشێوەی خولی لەلایەن هەرسێ پێکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمان بەڕێوەببرێت.

زیاتر بخوێنەوە: هەڵبژاردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک؛ لایەنەکان دەگەنە سازان یان بنبەست؟