میسال ئالووسی: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی درێژكراوه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌ولێره‌

میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننە
میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننە

K24 – هەولێر:

سیاسه‌تمه‌دارێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی درێژكراوه‌ی هه‌مان هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌ولێره‌. ده‌شڵێت، ئه‌و بڕیاره‌ ته‌واوكه‌ری هه‌نگاوه‌ نادیموكراسی و نابه‌رپرسیارانه‌كانی عێراقه‌ دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 21ـی شوباتی 2024) میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننە تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، دادگای فیدراڵی دادگایه‌كی ده‌ستووری نییه‌ و بڕیاره‌كانی كاردانه‌وه‌ی سیاسین بۆ رازیكردنی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی عێراقی و هه‌ندێك لایه‌نی ده‌ره‌كییه‌.

میسال ئالووسی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵی درێژكراوه‌ی هه‌مان هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌ولێره‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ته‌واوكه‌ری هه‌نگاوه‌ نادیموكراسی و نابه‌رپرسیارانه‌كانی عێراقه‌ دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵك و مووچه‌ و شایسته‌كانیان.

ئالووسی باسی له‌وه‌ش كرد، بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی دوافیشه‌كی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی و وڵاتانی هه‌رێمییه‌ كه‌ به‌ جه‌سته‌ی دیموكراسی و پڕۆسه‌ی دیموكراسی له‌ عێراق ده‌یته‌قێنن.

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ هاوكات بۆ لێدانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و خه‌بات و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌ی له‌ پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی، له‌ كاتێكدا قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان خوێنی بۆ رژاوه‌ و قوربانی بۆ دراوه‌.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، كوردستان زۆر له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی گه‌وره‌تره‌، كه‌ تا بێت و بڵێت به‌ ناده‌ستووری دروست بووه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.