کەسوکاری قوتابییە عەرەبەکان و ئاوارەکان لە دژی بڕیارێکی حکومەتی عێراق لە هەولێر گردبوونەوە

K24 - هەولێر

کەسوکاری قوتابیە عەرەبەکان و ئاوارەکان لە بەردەم نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر لەدژی بڕیارێکی حکومەتی عێراق گردبوونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، گردبوونەوەیەک لە هەولێر لە دژی بڕیارێکی حکومەتی عێراقی بەرێوەچوو کە بڕیاریداوە نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر دابخات، ئە بڕیارەش دوای ئەوە هات کە لە 13ـی شوبات عێراق بڕیاریدا کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخات.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، داواکاری ئێمە ئەوەیە نامانەوێت جارێکی دیکە ئاوارە ببینەوە، حکومەتی عێراقی دەیەوێت ئێمە بگەڕێینەوە، بەڵام ئێمە چۆن بگەڕێینەوە؟، گوتیشێ: جێگای ئێمە لێرەیە کوڕەکانمان لێرە کاردەکەن، شوێنی ئێمە لە عۆجە زیانی پێگەیشتووە، نەخزمەتگوزاری هەیە نە هیچ شتێکی دیکەی لێیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە ئارامی و سەقامگیری دەژین، لەبەر ئەوە دژی ئەو بڕیارەی حکمەتی عێراقین، بەزۆرەملێ ناگەڕێینەوە، چونکە هەولێر ئارامە، لێرە پێشوازییەکی گەرممان لێکراوە.

یەکێکی دیکە لەکەسوکاری قوتابیان باسی لەوەکرد، داواکاریمان ئەوەیە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە و قوتابیەکانمان لێرە بەردەوام بن لە خوێندن، بۆیە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی دەکەین ئەو بڕیارە دژی خەڵکی ئێمەیە.