ئێران بە بەهای 55 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ ئەنجامداوە

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئێران
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئێران

K24 - هەولێر

بەرپرسی گومرگی ئێران رایگەیاند، ئێران بە بەهای 55 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ لە ماوەی ئەمساڵدا ئەنجامداوە و عێراق لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، محەممەد ڕەزوانی، بەرپرسی گومرگی ئێران رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی ساڵی رابردووی ئێران لە (21ـی ئازاری 2023 دەستیپێکردووە) 55 ملیار و 275 ملیۆن دۆلار بووە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لەسەدا 2.5 زیادی کردووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهای هەناردەکردن لە کۆی بازرگانی دەرەکی ئێران لەم ماوەیەدا 25 ملیار و 844 ملیۆن دۆلار بووە، هاوکات بەهای هاوردە 29 ملیار و 431 ملیۆن دۆلار بووە.

راشیگەیاند، قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ 7 حەوت وڵاتی دراوسێ زیادی کردووە و بۆ 8 هەشت وڵاتی دیکەی دراوسێ کەمی کردووە.

محەممەد رەزوانی گوتیشی: "هەناردەی ئێران بۆ وڵاتان عێراق لە ریزبەندی یەکەمە  و دواتر تورکیا، کۆماری ئازەربایجان، تورکمانستان، ئەرمینیا، کوێت، قەتەر و سعودیە شایەتی دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هاوکات هەناردەکردنی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، پاکستان، ئەفغانستان، سوڵتانی عومان، رووسیا، کازاخستان و بەحرەین لە زیادبووندا بوو.

سەرۆکی دەزگای گومرگی ئێران روونیشیکردەوە کە هاوردەکردن لە بەحرەین، کازاخستان، پاکستان و کوێت لەم ماوەیەدا رووی لە دابەزین کردووە و دابەزینی بە بەخۆیەوە بینیووە، هاوکات هاوردە لە ئەرمینیا، عێراق، تورکمانستان، قەتەر و رووسیا زیادی کردووە.