گوتەبێژی حکومەت: بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی پڕۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام دەدەن

پێشڕەو هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشڕەو هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت، بۆ ئەو کەسانەی کە پڕۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـیشوباتی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکی حکومەت پێشتر رایگەیاند من نامەوێ بچمە هەڵەبجە تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن سەردانی هەڵەبجەی کرد، گوتبووی دەمەوێت بە دەستێکی پڕەوە بڕۆم ئەمڕۆش بەدەستێکی زۆر پڕەوە هاتووەتە هەڵەبجەی شەهید.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: "کۆبوونەوەیەکیان هەبووە لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، کۆمەڵێک یاداشت تێیدا پێشکەش کراوە کە داواکاری خەڵکی هەڵەبجە بوو، لەوانە کردنەوەی کۆلیژی پزیشکی هەڵەبجە، لەگەڵ دامەزراندنی500 کەس بە گڕێبەست لەسەر داواکاری پارێزگاری هەڵبجەو یەکە ئیدارییەکان بۆ هەڵەبجە".

پێشەوا هەورامانی گوتیشی: "ئەوەی زۆر گرنگە داهاتی دەروازە سنوورییەکانە کەدەبێت بەشێکی بدرێت بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ تەرخانکردنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، سەرۆکوەزیرانیش لای خۆیەوە رایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتمەند لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنێرن بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە دیاری بکرێت کەلە مەرزەکانەوە دێنە هەڵەبجەوە تەرخان بکرێن بۆ پڕۆژەکان".

راشیگەیاند، ئەوەی زۆر گرنگە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گەشتیارییە، گەشتیاران دەتوانن لەهەر شوێنێک رووی تێبکەن، بۆیە هەر پڕۆژەیەکی گەشتیاری و وەبەرهێنانێک لە هەڵەبجە بکرێت بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت، بۆ ئەو کەسانەی لەوانەیە لەبەر هەر هەندێک کۆتوبەندێک نەتوانن پڕۆژەکانیان لە هەڵەبجە ئەنجامبدەن.