پارێزگاری هەڵەبجە: پرۆژەی پردی تووەقوت خزمەتێکی دیارە بە کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، پرۆژەیەکی ستراتیژی زۆر گرنگە کە ئەتوانین بڵێین خزمەتێکی دیارە بە کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە گوتارێکیدا لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی تووەقوت گوتی: کورد لەبەر زمانەکەی کیمیاباران کرا، کورد لەبەر خاکەکەی بوو بارزانییەکان و گەرمیانییەکان ئەنفالکران، هەروەها کورد لەبەریەک زمان و یەک بوونەکەی و مێژووەکەی جینۆساید کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و چینی رۆشنبیرانی کورد پارێزگاری لە زمانەکەمان بکەین، دەشڵێت: خۆشبەختانە سەرەڕای ئەو چەوساندنەوە و نەهامەتییانە گەلی کورد زمانەکەی خۆی پاراستووە.

پارێزگاری هەڵەبجە دەشڵێت، سەبارەت بە هاتنی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی بۆ پڕۆژەیەکی ئاوەدانی زۆر گەورە، کە جاف و گۆران و گەرمیان و کوێستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پرۆژەیەکی ستراتیژی زۆر گرنگە کە ئەتوانین بڵێین خزمەتێکی دیارە بە کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە.

وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغە بۆ پردی تووەقوت، دادەنێت؛ کە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە؛ لە ساڵی 2008ـەوە نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.

درێژایی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.