دژوار فایه‌ق: حكومه‌تی عێراق ده‌ستوه‌ردان له‌ پرسی كه‌ركووك و دانانی پارێزگاره‌كه‌ی ده‌كات

دژوار فایه‌ق، راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
دژوار فایه‌ق، راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

راوێژكارێكی سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركووك پێداگرن له‌سه‌ر یه‌كڕیزیان بۆ هه‌ڵبژاردن و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شاره‌كه‌. ده‌شڵێت، ده‌ستوه‌ردانی عێراق و ده‌ره‌كی له‌ پرسی كه‌ركووكدا هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 22ـی شوباتی 2024) دژوار فایه‌ق، راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، پرسی ئیداره‌ی كه‌ركووك پرسێكی لۆكاڵی كه‌ركووكییه‌ كه‌ هاوكات پرس و بابه‌تێكی یاسایی و ده‌ستوورییه‌ و پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستكه‌وتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان.

دژوار فایه‌ق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ پرسی كه‌ركووكدا هه‌یه‌. گوتیشی، ده‌ستوه‌ردانی حكومه‌تی عێراقیش هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ نیازێكی باش بێت، كارێكی ئه‌رێنییه‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌ی خۆجێیی شاره‌كه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، كورد له‌ كه‌ركووك پێویستی به‌یه‌كدی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ پێویستی زانی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ شاره‌كه‌ سازش بۆ یه‌كدی بكه‌ن به‌تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردن و دانانی پارێزگارێكی بێلایه‌ن و ته‌كنۆكرات.

راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر دانانی پارێزگارێكی كورد. گوتیشی، ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ پارتی و یه‌كێتی، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌یشه‌وه‌ هه‌یه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كێشه‌ و قه‌یرانی زۆر له‌ شاری كه‌ركووك هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویست ده‌كات لایه‌نه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كدی جددیتر بن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كدی بكه‌نه‌وه‌.

رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەک، نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کۆبوونەوەیە بە دیدگای دەستپێشخەریی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە بەگوێرەی دادپەروەری ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و دواتریش رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری ئابووری کە لەگەڵ کارنامەی حکومی فیدراڵی یەکبگرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دۆخی تایبەتی کەرکووک کردووە و جەختی لەکاری پێکەوەیی و سەقامگیری پارێزگاکە کردووەتەوە و داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ گەشەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری کەرکووک.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دوای 18 ساڵ ئەنجامدرا کە لە 2005ـەوە ئەنجامنەدرابوو، بە هەوڵی هەموو لایەنەکان، رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان لەچاو پارێزگاکانی دیکە فراوانتربوو.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنە بەشداربووەکان بە لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.

یەکەم: بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکووک لە عێراقی بچووکە، هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی رۆڵەکانی کەرکووک و پاراستنی پێکەوەژیان و بەرزکردنەوەی گیانی برایەتی و هاوکاری لەنێوانیان لەژێر سایەی دەستوور.

دووەم: رێککەوتن لەسەر بنەمای هاوبەشیکردن و سازان و رەتکردنەوەی وەلانانی یەکتر وەک بنەمای کاری هاوبەش لە پارێزگای کەرکووک.

سێیەم: رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە سەرجەم هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری سیاسیی و کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانییەتەش بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت تاوەکو ئیستحقاقە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمی و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەکە دەکرێت.

چوارەم: ئامادەکردنی بەرنامەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی لە کەرکووک کە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە پێکدەهێندرێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی پارێزگاکەوە پەسەندبکرێت.

پێنجەم: پێشکەشکردنی کارنامەی لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا، کە تێیدا دیدگای خۆیان لەبارەی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پارێزگاکە لەخۆبگرێت لەگەڵ میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.