خانمانی عێراق تووشی دۆڕانێکی قورس بوون

دیمەنێک لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی خانمانی عێڕاق و نیپال
دیمەنێک لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی خانمانی عێڕاق و نیپال

هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی عێراق، تووشی دووەم دۆڕانی لەسەر یەک بوو و هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی رۆژاوای ئاسیا نەما.

هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی عێراق، دوای دۆڕانەکەی یاریی یەکەمیان بەرامبەر فەلەستین بە ئەنجامی 0-3، ئەمجارەیان لە دووەم یاریی پاڵەوانیەتی رۆژاوای ئاسیا کە لە سعوودیە بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی هەڵبژاردەی نیپال بووەوە و ئەو یارییەشی دۆڕاند و هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو نەما.

خانمانی عێراق ئەم یارییەشیان بە ئەنجامی 0-5 دۆڕاند و هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵەوانیەتی جامی رۆژاوای ئاسیا ماڵئاوییان کرد. لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق پێنج خانمە یاریزانی کورد هەبوون، دیارترینیان شۆخان نورەدین یاریزانی یانەی هیلالی سعوودی.

پاڵەوانیەتی رۆژاوای ئاسیا بە بەشداری 8 هەڵبژاردە لە سعوودیە بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە کراون، عێراق لە کۆمەڵەی دووەم لە دوو یاریی سەرەتای تووشی دۆڕان بوو، بۆیە هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە قۆناغی دووەم نەماوە.