پەیامنێری کوردستان24: فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای خێرێ بۆردومان دەکەن

چیای خێرێ
چیای خێرێ

K24 – هەولێر:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای خێرێ لە سنووری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی بۆردومان دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی (23ـی شوباتی 2024) بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای خێرییان لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە قەزای ئامێدی بۆردومان کرد، هاوکات بو گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە تەنیا ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ جار ئەم چیایەیان بۆردومان کردووە.

دانیشتووانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەشدا، ئەو ناوچەیەی کە بۆردومان کراوە ناوچەی قەدەغەکراو بووە و خەڵکی سڤیلی لێ نەبووە تەنیا بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لێ بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، رۆژانە دانیشتووانی ئەو ناوچانە شاهێدی رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەبن، چ لە رێگەی بۆردومان بە فڕۆکە، چ لە رێگەی رووبەڕووبووەنەوەی چەکداری، بەمهۆیەوەش تاوەکو ئێستا زیانێکی زۆر بەر رەز و باخی هاووڵاتییان کەوتووە.

لە پاش ساڵی 1991ـەوە بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و بنکە و بارەگاکانیان، تورکیا بەردەوام سنووری ناحییەکانی سەر بە قەزای ئامیدی بۆردومان دەکات.