تارا خەلیل: هەستەکانم بەدوای توخمەکانی جوانیدا دەگەرێن تا ببن بە ئامرازی خوڵقاندنی تابلۆیەک

تارا خەلیل،  شێوەکار
تارا خەلیل،  شێوەکار

K24 - هەولێر:

"تارا خەلیل"،  شێوەکار، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی هونەری شێوەکاری خۆی و باسی کار و چالاکییەکانی دەکات.

 

کوردستان24: کورتەیەک لە چالاکیە ھونەریەکانت باس بکە؟

تارا خەلیل: چالاکی ھونەریم، ھەر لە قۆناغەکانی خوێندەوە دەستی پێ کردووە، بەردەوام بەشداریم ھەبووە لە چالاکییەکانی قوتابخانەکان، دواتر لە قۆناغى زانکۆش لە بەغدا  ھەر بەردەوام بووم و پێشانگای تایبەتیم کردووەتەوە، ھەروەھا لە پێشانگا و فێستیڤاڵەکان بەشدار دەبووم، دوای تەوابوونی قۆناغى خوێندنیش کە بە مامۆستا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر دامەزرام، دووبارە چەند بەشدارییەکم  ھەبووە لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و لە چەند شارێکی دیکەی وەکو بەغدا، بەسرە و کەربەلا، ھەروەھا پێشانگای تایبەتیشم لە ھەولێر و کەرکوک ھەبووە و، بەشداریم لە چەند  فێستیڤاڵێک و پێشانگای دەرەوەی وڵات کردووە وەکو میسر و تورکیا.

کوردستان24: لەکەیەوە دەستت بەنیگارکێشان کردووە؟

تارا خەلیل: ھەر لە منداڵییەوە بەخۆرسک ھۆگری رەنگ و ھێڵ بووم،  بەردەوام زۆربەی کاتمی داگیر کردبوو، بۆیە لاپەڕەیەک، کتێبێک، گۆڤارێک و رۆژنامەیەک، نەدەما ھێڵێک یان رەنگێک نەکرابێ بەدەستی من، زۆرجار ئەم رەفتارە کێشەی بۆم دروست دەکرد لەماڵەوە، ھەمیشە دەفتەری وێنەم لە ھاوڕێکانم زووتر تەواو دەبوو و چاوەڕێی بابەتی مامۆستا نەبووم بۆ خۆم وێنەم دەکێشا، لە پەڕاوگەکان زیاتر چاوم بۆ لای رەنگەکان و دەفتەری وێنە دەچوو، ماڵەوەش ھەستیان بەوە کردبوو بەتایبەت باوکی رەحمەتیم، خۆشبەختانە ئەو مرۆڤێکی جوان و ھونەر دۆست بوو، ئەو ھانی دەدام لەگەڵ  ھاورێیەکی باوکم کە شێوەکار بوو ئەو بەتایبەت زۆر ھانی دەدام و بە کەرەستەکانی نیگارکێشان ناساندمی و رێنمایی دەکردم بەردەوام و پێی دەگوتم تۆ دەبی بە ھونەرمەند و، تێیگەیاندم کە ھونەری نیگارکێشان چییە، دواتریش لە قوتابخانە ھەمیشە بۆ ھەموو هاوپۆلەکانم نیگارم دەکێشا، لە دیوارەکانی قوتابخانەکەم ساڵانە دیوارەکانم دەنەخشاند و  بەشداری فێستیڤاڵەکانیشم دەکرد، ئیتر ئەو عەشقە لەگەڵم گەورە بوو تا ئەمڕۆش کە بووەتە بەشێکی زۆر گرینگی ژیانم و زۆربەی کاتی بەتاڵ و بگرە پیشەکەشم ھەر نیگارکێشیە.

کوردستان24: نەخشاندن لای تۆ چ مانایەک دەبەخشێت؟

تارا خەلیل: لە کاتی نەخشاندن یان نیگارکێشان و تێکەڵ بوونم بە کەرەستە ھونەرییەکانم و ئاوێتەبوونم لەگەڵ رەنگەکان، ئیتر لێرەوە ھەستەکان بەرەو جیھانی ئێستاتیکا دەچن و بەدوای توخمەکانی جوانیدا دەگەڕێن تا ببن بە ئامرازی خوڵقاندنی تابلۆیەک، ھەندێکجار بچوکترین گۆشە سەرقاڵم دەکات کە چۆن دایڕێژم و چۆن پڕیبکەمەوە و، بە چی رەنگێک و چۆن دابەشی بکەم و جێی خۆی بگرێ لە نێو تابلۆکەدا، بۆیە بچوکترین تابلۆم پرۆژەیەکی گەورەیە لە ناخ و ھەستمدا و، ھەوڵی کاملکردنی دەدەم، چونکە ئەنجامەکەی دەبێتە حاڵەتێکی دەروونی جێگیر بۆ من، کە تا چەند بتوانم بەزمانی رەنگ و ھێڵ بیرۆکەی ھەستەکانم بێتە گۆ لە کارێکی ھونەریدا  و ھەست و چاوی بینەر بدوێنێ.

کوردستان24: خۆشەویسترین تابلۆ لای تۆ چ تایبەتمەندییەک و جیاوازییەکی ھەیە؟

تارا خەلیل: ھونەر بەشی گرنگی ژیانمە، کارەکانیشم ھەموو خۆش دەوێ، چونکە کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەم و پێیانەوە ماندو دەبم، رەنگە کارێکم پێ باشتر بێ لە کارێکی تر، بەڵام بەگشتی ھەموویانم خۆشدەوێت و سەروەتێکی مەعنەوین بۆ من.

کوردستان24: جوانترین پەیام کە تابلۆکانت ھەڵگری بێ چ پەیامێکە؟

تارا خەلیل: ھونەر بەھەموو شێوەکانیەوە پەیامە، ھونەرمەند لە رێی رەنگ، ھێڵ و شێوەوە پەیامی ھەست و ویژدانی دەگەیەنێتە بینەرەکەی، رەنگە بابەتی کارەکانم زۆر قوڵ نەبن و بینەر سەرقاڵی لێکدانەوە و شیکاری و خوێندنەوە بکات، بەڵام  ھەوڵم داوە بەزمانێکی ئاسان و سادە  پەیامم بگەیەنم، واتە ھەڵسەنگاندن بۆ جۆر و شێوازی کارەکە بکرێ کە تا چەند توخمە سەرەکییەکانی ھونەر لە کارەکەمدا تەبا و ھاوسەنگ بن، ئەمەش زیاتر بۆ جۆر و شێوازی ریالیزمی پەیڕەو دەکرێ کە ھەست دەکەم بۆ خۆم لەم شێوازەوە زۆر نزیکم و حەزم کردووە کە گواستنەوەی واقع و ژینگەکەم بکەم بەوەی کە خۆم ھەستی پێ دەکەم و دەیبینم.

کوردستان24: ئامانجت چیە؟

تارا خەلیل: ئامانجم و ئاواتم ئەوەیە کە خوا تەندروستییەکی باشم پێ ببەخشێ و بتوانم بەردەوام بم لە ھونەرەکەم و کار بکەم و نیگاربکێشم و، بتوانم زیاتر فێر ببم و زیاتر ببینم، زۆر بیرۆکە و پرۆژەی ھونەری ھەیە لە ھزرمدا دەمەوێت ئەنجامی بدەم،  رەنگە ئێستا بەھۆی زیاتر سەرقاڵ بوونمەوە بە ئەرکی دایکایەتی و پیشە و کارەکەم نەتوانم ھەموو کاتمی بۆ تەرخان بکەم، بەڵام ھەوڵی بۆ دەدەم و ھیوادارم بتوانم چالاکییەکانم زیاتر بکەم تا ئاستێکی باشتر.

تارا خەلیل، شێوەکار، لەدایکبووی شاری کەرکووکە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە کەرکووک تەواو کردووە، دواتر قۆناغی زانکۆی لە شاری بەغداد تەواو کردووە بە بروانامەی بەکالۆریۆس لە پەروەردەی ھونەری.  یەکەم دامەزراندی لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر  بەشی شێوەکاری بووە، تا ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک و لەگەڵ کۆمەڵێک ھونەرمەندی دیکەی شارەکە، پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کەرکووکیان دامەزراندووە و بووەتە مامۆستا لەبەشی شێوەکاری پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی کەرکووک و تا ئێستاش ھەر مامۆستایە لەوێدا.