سەرۆکی لیژنەی دارایی: ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئاماژە بەوەش دەدات، ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو رەشنووسی هەمواری یاسای بودجە دەگاتە پەرلەمان.

ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی 618 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە؛ قسەی بۆ شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 کرد.

عەتوانی لەبارەی ناردنی 618 ملیار دینارەکە ئاماژەی بەوە کرد، ناردنی ئەو بڕە پارەیە مانگانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی هەمواردەکرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین. هەر بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی دووشەممەی داهاتوو، 26-02-2024، لیژنەی دارایی میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات".

بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی؛ ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو رەشنووسی هەمواری یاسای گشتیی بودجەی عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ئامادەکراوە دەگاتە پەرلەمان. ئەوەشی خستەڕوو: "لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ سەردانی هەولێر دەکات".

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

4. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەبێت ئەرکی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوو حکوومەتیش (عێراق و هەرێمی کوردستان) چارەسەر بکات؛ تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

5. پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.

6. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات.