تەسبێح بووەتە بەشێک لە کەلەپووریی مێژووی کوردەواریدا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

تەسبێح لە کەلوپەلە کەلەپوورییەکانی کوردەوارییە کە مێژووی بەکارهێنانی زۆر کۆنە. دەنکەکانی لە تاشینی ماددەی رەق و بەردی جۆراجۆر و دەنکی قەزوان دروست دەکرێت و بە داوێکەوە بەدوای یەکتر دەبەسترێنەوە. لە رووی ئایینییەوە بۆ زیکر و ستایشی خوا بەکار دێت و  لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە پیاوان لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی کوردی، بەدەستیانەوە دەیگرن.

تەسبێح لە کوردەواریدا، جگە لە دەسحێب، تەزبێح، تەزوێح و چەند ناوێکی دیکەیشی هەن، لە کەلوپەلە کەلەپوورییەکانی کوردەواریی هەژمار دەکرێ، کە مێژووێکی کۆنی هەیە، هەم لە رووە ئایینی و خوا پەرستییەوە، هەم وەک پارچەیەکی خوانکارییش بەکار دەهێنرێت لە نێو کۆمەڵگەی کوردی لە هەر چوارۆارچەی پارچەی کوردستان.

دەنکەکانی تەسبێح لە بە قەبارەو رەنگی جیاواز لە ماددەی رەق و بەردی جۆراجۆر دادەتاشرێت، لەوانە بەردی کارەبا، سەندەلووس، شام، شامەقسوود، پیرۆزە و دەنکی قەزوان و زەیتوون دروست دەکرێت، بەڵام بەپێی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، ئێستا دەنکی تەسبێح لە کانزکانیش دادەتاشرێت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا دوو جۆریان زیاتر باو و بەربڵاون، جۆرێکیان کۆڵێکشنییە و جۆرەکەی دیکە بازاڕییە.

ئاردین ڕەحمانی - وەستای دروستکردنی تەسبێح دەڵێ؛ "چەندین جۆرە بەردمان هەیە، لەوانە بەردی کارەبا، سەندەلووس، شام، شامەقسوود، پیرۆزە، بەڵام لە نێو کوردەواریدا زیاتر خواست لە سەر کارەبایە، هەرچەندە بە تێپەڕبوونی کات رەنگی دەنکەکانی دەگۆڕێت، بەڵام تاوەکوو کۆنتربێت نرخەکەی زیاتر دەبێت، هەروەها دوو خۆرە تەسبێحمان هەیە، یەکێکیان کارەباییە و ئەوی تریان کۆلێکسیۆنییە، ئەو تەسبێحانەی کارەبایین بە ئامێر دادەتاشرێن، بەڵام کۆلۆکسیۆنەکان کاری تایبەت و دەستین، هەربۆیە دەنکەکانی جوانتر و سەربجڕاکێشترن و نرخیشیان بەرزە، جۆرێکی دیکەیشمان هەیە، کە قەزوانە، بەڵام کارکردن لە سەر قەزوان هێندە سەخت نییە، چونکە دەنکەکە خۆی ئامادەیە و تەنیا کونکردنێکی دەنکەکانی پێویستە.

تەسبێح لە کۆندا بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵکی نەخوێندەوار بوون و ئامێری ژمیریاری نەبووە، وەکوو ئامێری چۆرتکە بۆ رێکخستنی کاروباری ژمێریاری بەکارهاتووە. بەڵام دوای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان تەسبێح بۆ ژماردنی زیکرو ناوەکان و ستایشی خوا بەکارهاتووە. ئێستاش پیاوان لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی کوردی تەسبێح هەڵدەگرن و خۆیانی پێ سەرقاڵ دەکەن. کەسانێکیش وەکوو حەزێکی تایبەتی، جۆرەکانی تەسبێح لە کۆڵیکشنی تایبەتی خۆیان کۆ دەکەنەوە. 

کڕیارێکی تەسبێحیش دەڵێ؛  "تەسبێح هەر لە کۆنەوە لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەیە، هەندێک لە خەڵکی بۆ زیکرکردن و یادی خوا پەرستی بەکاری دەهێنن، هەندێکیش وەک جوانکارییەک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بە دەستیانەوە دەیگرن، بۆ هەردوو حاڵەتەکەش دەمێنێتەوە کە جۆر و رەنگی تەسبێحەکە چۆن و چی بێت، ئێستا من داوامکردووە تەسبێحێکی رەنگ کراوەم بۆ دروست بکەن، دەنکەکانیشی مامناوەند بێت، نە بچووک و نە گەورە بێت"

سەبارەت بە سەرەتای پەیدابوونی تەسبێح، جودا لەوەی دەگوترێت، سەرەتا مرۆڤ وەکوو ملوانکە بۆ جوانکاری بەکاریان هێناوە، باس لەوەش دەکرێت، تەسبێح لە سەردەمی مەسیحیەتی پەیدا بووە و مەسیحییەکان لیزگەیەکی درێژی تەسبێحیان بە کۆتایی خاچەکەی ملیانەوە هەڵدەواسی. نستۆرییەکانی رۆژهەڵات و بەشێک لە کاتۆلیکەکان لەگەڵ زیکر و ستایشی خودا بەکاریان هێناوە، بەڵام پڕۆتێستانییەکان باوەڕیان پێی نەبووە. لە ئایینی ئیسلامیشدا تەسبێح، سوبحە، واتا ئەو دەنکە مووروانەیە کە گوتنی سوبحانەڵڵا، حەمد و ستایشی خوای پێ دەژمێرن.