کۆمەڵگایەکی وەرزشی لە سێمێل دروستدەکرێت

شارۆچکەی سێمێل
شارۆچکەی سێمێل

K24 – هەولێر

قایمقامی سیمێل رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی وەک پشتیوانییەک لە وەرزش، پڕۆژەی چاکردنی کۆمەڵگەیەکی وەرزشی لە شارۆچکەی سێمێل چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی شوباتی 2024، خەلیل مەحموود، قایمقامی سێمێل بە کوردستان 24ـی راگەیاند، بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمدا، وەک پشتیوانییەک بۆ وەرزش بڕیاریدا بە کردنەوەی کۆمەڵگایەکی وەرزشی لە سێمێل.

بەگوتەی قایمقام: " پڕۆژەی کۆمەڵگای وەرزشی یانەی سێمێل چووە بواری جێبەجێکردن و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە پڕۆژەکانی دیکەش دەکرێت بە گوژمەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن. بەڵام بۆ قۆناغی یەکەم تەنیا یاریگاکە چووەتە بواری جێبەجێکردن بۆ یانەی سیمێلی وەرزشی، لە ئێستاشدا پڕۆژەکانی دیکە رەوانەی کۆمپانیا کراوە بەڵام تا ئێستا رۆتینەکانی تەواو نەبووە هەر لەگەڵ تەواو بوونی ئەو رۆتینانە دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنیان".

خەلیل مەحموود راشیگەیاند، پرۆژەی ناوبراو لە نێوان شارەوانی سیمێل و شارەوانی بنسریێ، لەسەر 48 دۆنم زەوی دەچێتە بواری جێبەجێکردن، 30 دۆنم تەنیا تەرخانکراوە بۆ یارگای تۆپی پێی گەورە، 18 دۆنمیش بۆ یارگا و هۆڵی یاری تاک و لەشجوانی و مەلەوانگە. 

ئەمساڵ دوو یاریگەی نێودەوڵەتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرزشدۆستانی دینارتە و بەردەڕەش دروستکراون و ئێستا بەکار دەهێندرێن. هەر ئەمڕۆ دەست بە نۆژنەکردنەوەی یاریگەی ئاکرێ کرا و ماوەی چەند رۆژێکیشە کار بۆ دروستکردن و تەواوکردنی یاریگەی کەلەچکی دەکرێت. هەروەها کار بۆ دەستکردن بە دروستکردنی یاریگەی یانەی شێلادزێش دەکرێت.