ئایدن مەعروف: دەمانەوێت تورکمانەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن

ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی

K24 – هەولێر:

پێکهاتەکان تا ئێستا لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نیگەرانن، ئەوان بڕیارەکە بە سیاسی دەزانن لەوەی زیاتر یاسایی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی دەڵێت: "دەمانەوێت هەموو لایەنە تورکمانەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن".

چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە، دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشبکرێت و کورسی کۆتاکانی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئەرکەکە لەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکەن.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەسەتەم لە مانگی پێنجی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، رەنگە بکەوێتە مانگی شەش، هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە رادەگەیەنێت.

لای خۆیەوە ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی گوت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی پێکهاتەکان هەڵەیەکی مێژوویی بوو، هەروەها بڕیارێکی سیاسی بوو بۆ دەستوەردان لە کاروباری کۆتا و پێکهاتەکان.

گوتیشی: ئێمەی تورکمان لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، هەروەها "دەمانەوێت تورکمانەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن".

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.