لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی دەکات

K24 – بەغدا:

لە بارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، رۆژی دووشەممە لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بانگهێشتی وەزیری دارایی حكومەتی عێراق دەکات.

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاردەکەین بۆ ئەوەی لە پشکی بودجەی هەرێم، مووچەی فەرمانبەران و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینەکان جیا بکەینەوە و خەرج بکرێت هاوشێوەی عێراق، هەروەها دەبێت بڕیارەکەی دادگاش وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، بانگهێشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی دەکات.

لای خۆیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: جێبەجێکردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەستەمە و لە داهاتووشدا کێشەی گەورە دروستدەکات".

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، کە نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات و پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.