دوو چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی لە سووریا کوژران

K24 - هەولێر

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە بۆردومانێکی هێزەکانی ئیسرائیلدا لە سووریا، دوو ئەندامی گروپی حزبوڵڵای لوبنانی کوژران.

روانگەکەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیسرائیل بارهەڵگرێکی مەدەنی بە مووشەکێک لە نزیک سنووری سووریا و لوبنان کردە ئامانج، کە لانیکەم دوو کەس بەوهۆیەوە کوژران. دەشلێت: ئەو دوو کوژراوە بە رەگەز لوبنانین و سەر بە حزبوڵڵا بوون.

روانگە رۆژی چوارشەممەی رابەردوو بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی حومس و لادێکانی ناوەڕاستی سووریا، هەشت کەس کوژران، کە دوو لە کوژراوەکان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان بووەتە شوێنی بۆردومانەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپی حزبوڵڵای لوبنان.