کەمی مووچە تەنگی بە پەرستارانی ئێران هەڵچنیوە

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی کەرتی تەندروستی ئێران ئاشکرای دەکات، 90%ی پەرستارانی ئێران لە ئەرک و مافە داراییەکانیان ناڕازین بەم هۆیەشەوە ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار ئێران جێدەهێڵن. سەرۆکی کۆمەڵەی پەرستارانی ئێران ئاشکرایکرد، بەهۆی کەمی مووچەوە لە چەند مانگی رابردوو زیاتر لە 200 پەرستار دەستبەرداری ئەرکەکانیان بوون.

محەمەد تەقی جیهانپوور، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرستارانی ئێران دەڵێ، لە نۆ مانگی رابردوودا لە ئێران بەهۆی سەختی ئەرک و کارەکانیان بە پێچەوانەشەوە بەهۆی کەمی مووچە و شایستە داراییەکانیان 216 پەرستان وازیان لە کارکردن هێناوە، ئەمەش بووەتە مەترسی لە سەر کەرتی تەندروستیی و زۆربەی نەخۆشخانەکان.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی خەرجی زۆر و کەمی مووچە و داهات لە تارانی پایتەخت، نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیداربووەتەوە، چونکە بە وازهێنانی هەر پەرستارێک ئەوا 200 کاتژمێر کارکردن بۆ هاوکارەکانی زیاد دەکات، هەروەها بەهۆی کاری قورسەوە هیچ کارمەندێک ئامادە نییە کاتژمێری زیادەی کارکردن قەبوڵ بکات.

بەگوێرەی ئەو سیستەمەی کارکردنی زیادە دیاریکراوە، هەر کادرێکی تەندروستی یان پەرستارێک لە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی ئەگەر کاتژمێری زیادە کار بکات، ئەو حکومەتی ئێران لە بەرانبەر هەر کاتژمێرێکی زیادەی کارکردن تاوەکوو بڕی 20 هەزار تومەنی بۆ خەرج دەکرێت، واتە کەمتر لە 20 سەنتی ئەمەریکی.

هەروەها محەمەد شەریفی موقەدەم، بەڕێوەبەری خانەی پەرستاران ئاشکرایکردووە، 90%ی پەرستارانی ئێران لە ئەرک و کارو مافەکانیان ناڕازین، بۆیە ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار ئێران جێدەهێڵن و روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن، بەم هۆیەوە زۆربەی بەخۆشخانەکان کێشەی کەمی پەرستاریان هەیە.

حسێن قەناعەتی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکی تارانیش دەڵێ، وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا "وەک ئاو خواردنەوە" کارمەندانی تەندروستی ئێران وەردەگرن و دەرفەتی کاریان پێدەدەن.