ئەمەریکا دەیەوێت پێش رەمەزان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت

ئەمەریکا دەیەوێت پێش رەمەزان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت
ئەمەریکا دەیەوێت پێش رەمەزان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت

K24 - هەولێر

ئەمەریکا پێشنیازیکردووە لە بەرامبەر ئازادکردنی 40 بارمتە لەلایەن حەماسەوە، شەش هەفتە ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت و ئیسرائیلیش سەدان زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات.

ئەمەریکا چاوی لەوەیە پێش مانگی رەمەزان ئیسرائیل و حەماس بگەنە رێککەوتن و ئاگربەست رابگەیەنرێت. پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ناوەڕۆکی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا، قەتەر، میسر و ئیسرائیلی لە پاریس ئاشکراکردووە و دەڵێت، ئەمەریکا پێشنیازێکی نوێی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کردووە.

پێشنیازەکەی ئەمەریکا بەم شێوەیە، ئیسرائیل دەبێت سەدان زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا حەماس 40 بارمتە ئازاد بکات؛ لەنێویشیاندا ئافرەت، پیاوانی سەروو 50 ساڵ، نەخۆش و بریندار.

ئەمەریکا دەیەوێت ئاگربەستەکە بۆ نزیکەی شەش هەفتە رابگەیەنرێت، واتە لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک، رۆژێک ئاگربەست رابگەیەنرێت. یەکێکی دیکەش لە پێشنیازەکان ئەوەیە، خەڵکی غەززە لە باشوورەوە بگەڕێنرێنەوە باکوور. پێویستە هاوکەرییە مرۆییەکانیش بۆ خەڵکی غەززە زیاتر بکرێن.

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش داوە، لە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی پاریس بەرەوپێشچوونی باش هەبووە و دەکرێت، لەسەر ئەم پێشنیازانە لە چەند  رۆژی داهاتوو گفتوگۆی زیاتر بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بکرێن.

رۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حەماس زیاتر لە 240 کەسی بە بارمتە گرتن، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 100 بارمەتەیان ئازاد کراون، ئەمەریکا و ئیسرائیل چاویان لەوەیە تەواوی ئەو بارمتانەی دیکەش ئازاد بکەن.