ئاوات شێخ جه‌ناب: دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان بۆ هەر وردبینی و بەدواداچونێک کراوەیە

ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

له‌ میانه‌ی پێشوازیكردن لە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، وه‌زیری دارایی هه‌رێم رایگه‌یاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان بۆ هەر وردبینی و بەدواداچونێک کراوەیە.

له‌ چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، ئەمڕۆ (یەكشەممە 25ـی شوباتی 2024) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، کە پێکهاتبوون لە  (حه‌یده‌ر یوسف خه‌لخال و عه‌لا حوسێن محەممەد ) بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دارایی جەختی لەو هەماهەنگی و هاوکارییە کردەوە کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان وەزارەتی دارایی و تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و رایگەیاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ هەر وردبینی و بەدواداچونێک.

سەردانی شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە چوارچێوەی کاری ئاسایی و وردبینی تیمە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێری دارایی (هه‌ولێر و به‌غدا)ـیه‌ بۆ ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە و  ئامادەکردنی ڕاپۆرتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستانە.  

شاندەکە سوپاسی وەزیری دارایی و بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەتیان کرد، کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی تیمە هاوبەشەکان بوون و هەمووکات دەرگایان بۆتیمەکان واڵا بووە. (هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌).

67
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وه‌زیری دارایی هه‌رێم