سۆران سه‌ڵاحه‌ددین: دادگای فیدراڵی وەک ئامراز بەکار دەهێندرێت

عامر حوزەیران: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ لەناوبردنی پێکهاتەکانە
سۆران سه‌ڵاحه‌ددین، سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی تورکمانی ھەولێر، خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و عامر حوزەیران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین
سۆران سه‌ڵاحه‌ددین، سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی تورکمانی ھەولێر، خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و عامر حوزەیران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین

K24 – هەولێر:

سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی تورکمانی ھەولێر، رایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان نیازپاک نەبووە، هاوکات چالاکوانێکی مافی مرۆڤ دەڵێت: دادگای فیدراڵی بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ پێکهاتەکان نەکردووە، لای خۆیەوە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین گوتی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سیاسییە و دەستووری نییە، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

سۆران سه‌ڵاحه‌ددین، سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی تورکمانی ھەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تەواوی نادەستوورییە.

ئاماژەی بەوەدا، دەستووری عێراق لە ماددەی 125 مافی سیاسی، ئیداری و کلتووری پێکهاتە جیاوازەکانی خستووەتە ژێر دەستەبەری خۆی، لەکاتێكدا دادگای فیدراڵی پێشێلی ئەو مافەی کرد و ئەو دەستەبەرییە دەستورییەی لادا.

سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی تورکمانی ھەولێر، دەڵێت: پێکهاتەکان و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیراون، هەروەها دادگای فیدراڵی دەستوەردانی کردووە لە دامەزراوەی یاسادانانی هەرێمی کوردستان.

سۆران سه‌ڵاحه‌ددین، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، دادگای فیدراڵی بۆی هەیە دەقێکی یاسای پوچەڵ بکاتەوە، بەڵام بۆی نییە لە شوێنی ئەو پوچەڵکردنەوەیە یاسایکی نوێ دەربکات، هاوکات دادگای فیدراڵی لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان نیازپاک نەبووە.

سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی تورکمانی ھەولێر، باسی لەوەکرد، فشاری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە لەسەر دادگای فیدراڵی، کە دژی هەرێمی کوردستان بڕیار دەربکات.

سۆران سه‌ڵاحه‌ددین، گوتیشی: دادگای فیدراڵی وەک ئامراز بەکار دەهێندرێت، هەروەها "بەردەوام دەبین لە خەباتی سیاسی خۆمان و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و پێکهاتەکان کۆتاییان نەهاتووە".

خدر دۆملی: بوونی پێكهاته‌كان مانای پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسی ده‌گه‌یه‌نێت

خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، بە ژینۆ محەممەدی راگەیاند، پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیراون، هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی درزێکی گەورەی لەنێوان پێکهاتەکان و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ، دەڵێت: دادگای فیدراڵی بە شێویەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ پێکهاتەکان نەکردووە، لەبارەی کورسی کۆتا، بۆچی سیستەمی کۆتا لە پەرلەمانی عێراق هەبێت و بۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەبێت؟.

خدر دۆملی، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، دەبوو حکومەتی عێراق لە 2003ـەوە پارێزەری مافی پێکهاتەکان بووایە، بەڵام وانەبوو، بۆیە دەبێت پارتی زیاتر فشار لە بەغدا بکات لەپێناو پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ، گوتی: دەبێت پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بێت، چونکە بوونی پێكهاته‌كان مانای پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسی ده‌گه‌یه‌نێت.

خدر دۆملی، گوتیشی: ئەقڵیەتێکی مەدەنی حوکمڕانی عێراق ناکات، بەڵکو هەمیشە لە عێراق ئەقڵیەتێکی مەرکەزی هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەنی سیاسی کاتێک نەهامەتییەک بەسەر پێکهاتەکاندا دێت، ئەوان دێن و نەهامەتییەکان زیاتر دەکەن.

عامر حوزەیران: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ لەناوبردنی پێکهاتەکانە

عامر حوزەیران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی رۆژدا دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سیاسییە و واقعی و دەستووری نییە، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، باسی لەوەکرد، دادگای فیدراڵی دەیتوانی رێگەیەکی دیکەی بگرتایەبەر، نەک دەست بۆ کورسی کۆتاکەن ببات.

عامر حوزەیران، گوتی: دادگای فیدراڵی پێکەوەژیان و پێکهاتەکانی بە ئامانجگرتووە، هەروەها پێویست بوو لە هەرێمی کوردستان دەستوورێکمان هەبووایە کە داکۆکیکار بێت لە مافی پێکهاتەکان.

ناوبراو گوتیشی: کێشە ناوخۆییەکانمان وای کرد بەغدا هەندێک بڕیاری زاڵمانە بەسەر پێکهاتەکان جێبەجێ بکات، بۆیە پێویست بوو لە ناوخۆدا یەکگرتوبوواین تا نەگەیشتبیان بەم رۆژە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، روونیکردەوە، دسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە پێکهاتەکان دەدەن و ئەوانیان قبوڵکردووە. جەختی لەوەشکردەوە، دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڕەمەکی دژی پێکهاتەکان دەرکردەوە.

عامر حوزەیران، دەشڵێت: بوونی پێکهاتەکان مانای پێکەوەژیان دەگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ لەناوبردنی پێکهاتەکانە.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.