مۆدریچ خاڵی بەهێزی ریاڵ مەدرید ئاشکرا دەکات

لۆکا مۆدریچ
لۆکا مۆدریچ

لوکا مۆدریچ ئەستێرەی کڕواتی یانەی ریاڵ مەدرید دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر سێڤییا لە گەڕی 26ی لالیگا دەردەبڕێت، دوای ئەوەی توانیان یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس ببەنەوە، تاکە گۆڵی یارییەکەش لوکا مۆدریچ لە خولەکی 81 تۆماری کرد.


لوکا مۆدریچ دەڵێت: "یارییەکە زۆر قورس بوو، چونکە بەرامبەر یانەیەکی بەهێزی وەکو سێڤییا یاریمان کرد، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لە کۆتاییدا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا".

لوکا دەشڵێت: "دڵخۆشم کە هاوکاری یانەکەم کرد و گۆڵم تۆمار کرد، رۆژانە مەشق و راهێنان دەکەم لەسەر رێگەکانی شووت کردن، لە تۆپی پێ دەبێت زۆر شووت بکەیت بۆ ئەوەی گۆڵ بکەیت".

ئەستێرەکەی ریاڵ مەدرید هێما بۆ ئەوەش دەکات: "کۆڵنەدان یەکێکە لە خاڵی بەهێزی یانەکەمان و هەرگیز ناوەستین و تا کۆتایی دەجەنگین، ئێمە درکمان بەوە دەکرد کە چەندە گرنگە خاڵەکانی ئەم یارییە لەدەست نەدەین، چونکە بارسێلۆنا زۆر خاڵی بەدەستهێناوە".

ناوبراو دەشڵێت: "درێسەکەم دایە رامۆس، ئەو برا و هاوڕێی منە، لە هەمان کاتدا یاریزانێکی گەورەیە و بەردەوامە لە ئاستە بەرزەکەی هەرچەندە هەمووان باس لە تەمەنمان دەکەن، من دڵخۆش بووم ئەمڕۆ چاوم پێی کەوتەوە، ئەو ئەفسانەیە و هاندەرانیش دڵخۆش بوون بە بینینەوەی رامۆس".